دەم پارتی ئامادەكاری بۆ خۆپێشاندانێكی گەورە لە ئیستانبوڵ دەكات و داوا لە لایەنگرانی دەكات، پێكەوە دژی گرانی و بۆ پشتگیریكردنی دیموكراسی بڕژێنە سەر شەقامەكان.
ئێستە كە جەهەپە لایەنگرانی لەسەر شەقامن و بەردەوامن لە خۆپێشاندان و پرۆسەی ئاشتیش لە ئارادایە، دەم پارتی دژی دەسەڵات بڕیارە رۆژی یەكشەم 28ی حوزەیران خۆپێشاندانێكی گەورە رێكبخات.
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی دوو بانگەوازی فەرمی و جیاوازەوە، داوا لە لایەنگران و ئەندامانی دەكات بڕژێنە سەر شەقامەكان، پارتەكە داوا لە هاووڵاتییان و لایەنگرانی دەكات پێكەوە دژی گرانی و بۆ پشتگیریكردنی دیموكراسی، دەنگیان هەڵبڕن و ناڕەزایەتی بەشێوەیەكی بەرفراوان دەربڕن.
لە توركیا شمەك و پێداویستی رۆژانەی خەڵك زۆر گران بووە و دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی ئەستەم كردووە، ئەمەش ناڕەزایی دژی دەسەڵات گەورەتر كردووە.
بانگەوازی یەكەمی دەم پارتی كە بە زمانی كوردی (كرمانجی) ئاراستەی ڕای گشتی كراوە، تایبەتە بە ڕەهەندی سیاسی و دۆزی كورد لە توركیا. لە پەیامەكەدا هاتووە: "وەرن با پێكەوە لە میتینگی ئازادی"دا دەنگی خۆمان بۆ ئاشتی و دیموكراسی بەرز بكەینەوە."
بڕیاری دەم پارتی وایە كە لە مەیدانی باغجەلار (Bağcılar) لە ئیستانبوڵ خۆپێشاندانەكە بكات، كە بە یەكێك لە ناوچە قەرەباڵغەكان و ناوەندی كۆبوونەوەی نەتەوەییەكان دادەنرێت.