حكوومەتی كاتیی سووریا سەرجەم بڕوانامەی قوتابیانی رۆژئاوای كوردستانی قبووڵ كرد و رای گەیاند، ئەم هەنگاوە بەشێكە لە پلانی یەكخستنی سیستمی پەروەردە، مووچەی 38 هەزار مامۆستاشی دابین كرد.
محەممەد عەبدولڕەحمان توركۆ وەزیری پەروەردەی سووریا رای گەیاند، ئەم هەنگاوە بەشێكە لە پلانی یەكخستنی سیستمی پەروەردە لە سەرانسەری سووریا.
هاوكات گوتی، بڕیارمان دا بە یەكسانكردنی بڕوانامەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دامەزراندنی هەزاران مامۆستای ئەو ناوچانە لەسەر میلاكی حكوومەت.
ئەم بڕیارە ساڵانی خوێندنی 2025-2026 و 2026-2027 دەگرێتەوە.
بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، 38 هەزار مامۆستا لە رۆژئاوای كوردستان مووچە و خزمەتیان بۆ سەر وەزارەتەكە دەگوازرێتەوە.
وەك وەزیری پەروەردەی سووریا دەڵێ، هەروەها لە سەرەتای وەرزی دووەمی ئەمساڵەوە، دوو هەزار و 350 قوتابخانە كراونەتەوە كە پرۆگرامی یەكگرتووی حكوومەتی سووریا جێبەجێ دەكەن.