بۆردمانەكانی ئیسرائیل پێنج كەسیان لە لبنان كوشت

:: AM:09:41:20/06/2026 ‌
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی لبنان بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەی جەنگی و درۆنەكانی ئیسرائیل لە باشووری لبنان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو بەلایەنی كەمەوە پێنج كەس كوژران.

ئاژانسەكە نووسیویەتی، فڕۆكەی جەنگی و درۆنی ئیسرائیل زنجیرەیەك بۆردمانیان لە ناوچەی نەبتییە لە درەنگانی شەوی ڕابردوو و بەیانی ئەمڕۆ شەموو ئەنجام دا، بەوهۆیەوە ژمارەیەك خانووی نیشتەجێبوون و باڵەخانە وێران بوون، لە تەك ئەمەیشدا تۆپهاوێژەكانی ئیسرائیل بۆردمانی هەمان ناوچەیان كرد لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ.

ئەو بۆردمانانەی ئیسرائیل لە كاتێكدایە پێشتر بەرپرسێكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل و حزبوڵا بڕیاریان داوە بە ڕێككەوتنی ئاگربەست بگەن،شەوی هەینی لەسەر شەموو ئاگربەستەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەمشێوەیە توندوتیژی و پێكدادانەكان كۆتاییان دێت.

بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل و دوو سەرچاوە لە حزبوڵا بۆ ڕۆیتەرز، دووپاتیان لە گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاگربەست كردەوە، بە دیاریكراویش كاتی دەستپێكردنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا سەعات چواری بەیانی ئەمڕۆ شەموو بوو، ئیسرائیلیش بەر لەو كاتە زنجیرەك بۆردمانی چڕی كردە سەر حزبوڵا لە ناوچەكانی باشووری لبنان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د