عەلی زەیدی بەردەوامە لە گۆڕانكارییەكان و تەنانەت رۆژی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی گۆڕی، لەمەودوا لەبری سێشەم رۆژانی شەموو حكوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە.
حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی كۆ دەبێتەوە.
گوتیشی، بەبڕیاری زەیدی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لە سێشەمەوە كراوەتە شەموو، ئیتر هەموو هەفتەیەك ئێوارانی رۆژی شەموو كۆبوونەوەی حكوومەت بەرێوە دەچێت.
لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی عەلی زەیدی كە بڕیاری داوە زۆربەی ئەو شتانەی بەر لە خۆی بگۆڕێت، تێیدا بەشێكی زۆری كاربەدەستانی حكوومەتی سەردەمی سوودانی دێنە گۆڕین و كارەكان بەشێوەیەكی تر بەڕێوە دەچن.
حكوومەتی عێراق جەخت لەسەر كارنامەی چاكسازیی دامەزراوەیی دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەبێ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و چەسپاندنی ئارامی، ناتوانرێت ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنانی بیانی و گەشەی ئابووری دەستەبەر بكرێت.
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ڕای گەیاند، دیدگای حكوومەت بۆ چاكسازیی ڕاستەقینە لەسەر دوو كۆڵەكەی سەرەكی ڕاوەستاوە، ئەوانیش "كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت" و "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی"ین. عەبوودی ئاماژەی بەوە كرد كە پاراستنی شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەكان تەنیا لە ڕێگەی ئەم دوو هەنگاوە جەوهەرییەوە بەدی دێت.
بەگوتەی عەبوودی سەرۆك وەزیرانی عێراق، خاوەن پاڵپشتییەكی سیاسی و نیشتمانیی بەهێزە بۆ وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد كە تەواوی دەسەڵاتەكانی بە سەرۆك وەزیران بەخشیوە تاوەكو لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییەكانی وڵاتدا بڕیاری پێویست و بوێر بدات.