میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەموو وەزیری ناوخۆی پاكستان، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران و پرۆسەی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا بگاتە تاران.
بڕیار بوو دوێنێ هەینی لە جنێڤی سویسرا كۆبوونەوە و ڕێوڕەسمێك بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا ئەنجام بدرێ، لەوێشەوە دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات دەست پێ بكات، بەڵام بێ ئەوەی تا ئێستە هۆكارەكەی ڕوون بكرێتەوە، ئەو ڕێوڕەسمە ئەنجام نەدرا.
هاوكات شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بەرەو سویسرا بەڕێوەیە و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپیش لە سویسرایە، بەڵام هیچ زانیارییەك تا ئێستە لەسەر چوونی شاندی ئێران بۆ سویسرا نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێت عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە پلانی داناوە كە بەرەو جنێڤ بەڕێ بكەوێت.
چوونی وەزیری ناوخۆی
پاكستان بۆ تاران، پرسیاری زۆری بە دوای خۆی لەسەر ڕێڕەوی دانوستانەكان و جێبەجێكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دروست كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ هەمان مەبەست كە دەستكردن بە پرۆسەی دانوستانەكانە دەچێتە تاران و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران كۆ دەبێتەوە.
پێشتر ئیسرائیل سوپای وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەكانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران بەهێزە و دووبارە جەنگ دەست پێ دەكاتەوە.