ئۆكراینا لە هەفتەیەكدا نزیكەی چوار هەزار درۆنی ئاراستەی ڕووسیا كردووە

:: AM:11:10:20/06/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، شەوی رابردوو 187 درۆنی ئۆكراینییان لە ناوچە جیاجیاكانی رووسیا خستووەتە خوارەوە، كۆی گشتیش لە هەفتەیەكدا ئۆكراینا سێ هەزار و 909 درۆنی ئاراستە كردووین.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیادا هاتووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی شەوی 19 لەسەر 20 كە دەكاتە شەوی ڕابردوو، 187 درۆنی ئۆكراینییان خستووەتە خوارەوە، كە ئاراستەی ناوچەكانی كانتۆنی بیلگورود و بریانسك و كۆرسك و ئۆریۆل و تۆلا و لیبیتسك و رۆستۆڤ و فۆرۆنیگ و ئستراخان و مۆسكۆ و هەرێمی كراسنۆدار و كۆماری دوورگەی قرم لە ڕێگەی ئاوەكانی دەریای ڕەش و دەریای ئازۆڤ كراون.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، لە ماوەی هەفتەیەكدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەكەمان، 89 بۆمبی ئاسمانی ئاراستەكراو، پێنج مووشەكی جۆری هیمرس و هەشت مووشەكی كرۆزی جۆری فلامینگۆ، سێ هەزار و 909 درۆنی لە ئاسمان پێكاوە و بێ زیان سەرجەمیانی خستووەتە خوارەوە.

لە بەرانبەر ئەو هێرشە ئاسمانییە چڕانەی ئۆكراینا، ڕووسیا لە هێرشی وشكایی بۆ داگیركردنی شارەكانی ئەو وڵاتە بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەكانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمڕۆ توانیویەتی شاری كراسنیلیمان و كۆنستانتینیڤكا لە هەرێمی دۆنیتسكی ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا داگیر بكات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د