ئۆجەلان: دەبێت ئاین بخرێتە خزمەت كۆمەڵگەوە نەك دەسەڵاتداران

:: AM:11:54:20/06/2026 ‌
ئۆجەلان لە نوێترین پەیامیدا ڕای گەیاند، پێویستە ڕێگە نەدرێت ئیسلام بكەوێتە خزمەتی دەوڵەت، دەسەڵاتداران و هێزە سەرمایەدارەكانەوە، بەڵكو پێویستە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ جەوهەرەكەی، سەرلەنوێ بخرێتەوە خزمەتی كۆمەڵگەی ئەخلاقی، سیاسەتی دیموكراتی و ژیانی ئازاد.

فیدراسیۆنی توێژینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا (MÎA-FED) بە دروشمی "ئیسلامی دیموكراتیك: ڕاستگۆیی لە باوەڕ و ئازادیی لە كۆمەڵگەدا"، لە هۆڵی عەلی ئەمیری لە شارەوانی ئامەد، سێیەمین كۆنفرانسی خۆی ئەنجام دەدات. لە كۆنفرانسەكەدا پەیامی ئۆجەلان خوێنرایەوە. ئەمین ئای پەیامەكەی بە كوردی خوێندەوە و خەدیجە شەكەریش بە توركی خوێندییەوە.

دەقی پەیامەكەی ئۆجەلان

بەشداربووانی بەڕێز، باوەڕدارانی هێژای كۆنفرانسی ئیسلامی دیموكراتیك...

ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا بزووتنەوەیەكی حەقیقەتخوازی گەورەی كۆمەڵایەتییە كە لەسەر بنەمای بەهاكانی ئازادی، دادپەروەری و یەكسانیی كۆمەڵگەیەكی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە. یەكەمین كۆمەڵگەی ئیسلامی كە بە پێشەنگایەتیی حەزرەتی محەمەد هاتە كایەوە، وەك هەنگاوێكی كۆمەڵگەی دیموكراتیكی بەهێز پەرەی سەند لە دژی چینایەتی، چەوساندنەوە و عەشیرەتگەریی كە لەلایەن شارستانییەتی دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازەوە دەسەپێنرا.

بەڵام بە تێپەڕبوونی كات، ئەم جەوهەرە ئازادیخواز و كۆمەڵایەتییەی ئیسلام لەلایەن دەسەڵاتە دەوڵەتییەكانەوە وەلا نراوە. لە پرۆسەیەكدا كە لەگەڵ ئەمەوییەكاندا دەستی پێكرد، ئاین لە سیستمێكی ژیانی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەوە گۆڕا بۆ ئامرازێكی شەرعییەتدان بە دەوڵەت، بەم شێوەیە ڕەگوڕیشە دیموكراتیك و ئازادیخوازەكانی ئیسلام لاواز كران. 

ئەمڕۆش هەم ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت و هەم فیرقە جیاوازە ئاینییەكان (مەزەوگەرایی) كە ئامانجیان دەسەڵاتە، بەشێوازی جیاواز، درێژەپێدەری ئەم لادانە مێژووییەن.




وشە - سۆران عەزیز