سەرچاوە خۆجێیەكانی سووریا ڕایان گەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو، فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند هێرشێكی ئاسمانییان لە گوندەكانی ئیدلب و حەلەب ئەنجام داوە، سەركردەی پێشووی ڕێكخراوی "حوراسەدین" سامی عورەیدی و ژمارەیەك لە یاوەرەكانی كردووەتە ئامانج.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سووریا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی لە دژی گرووپە چەكدارەكان ئەنجام دا. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسە ناوخۆییەكانی سووریا، هێرشەكان لە دەوروبەری حەلەب و ئیدلیب بوون و تێیاندا سێ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلێك كراونەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، سامی عورەیدی بەرپرسی پێشووی گرووپی حیراسەدین كوژراوە.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، هێشتا بە تەواوی ناسنامەی بەئامانجگیراوەكان پشتڕاست نەكراوەتەوە، تا ئێستەش ئاماری كوژراوان و بریندارانی هێرشەكان ڕوون نەبووەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەواڵی دژبەیەك هەیە لەبارەی بەئامانجگرتنی بارەگایەكی فیرقەی 82ـی سەربە وەزارەتی بەرگری لە حكوومەتی كاتی.
ناوچەكانی باكوری ڕۆژئاوای سووریا، ناوەناوە دەبنە ئامانجی هێرشەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تێیاندا ئەو كەسایەتی و سەركردانە دەكرێنە ئامانج كە تۆمەتبارن بە هەبوونی پێوەندی بەو ڕێكخراوانەوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
سامی مەحموود محەمەد عورەیدی لە ساڵی 2023دا خرایە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە. ئەوكات واشنتن بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاری كردبوو بۆ هەر كەسێك كە زانیاری لەبارەی شوێنی ئەوەوە بدات. هۆكاری ئەم داواكارییەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە عورەیدی تۆمەتبار كرابوو بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك كوشتن و ڕفاندنی كەسایەتییەكانی ناو كەمینە ئاینییەكان لە سووریا.