قاسم ئەعرەجی كرایە راوێژكاری تەناهیی سەرۆك وەزیران

:: PM:04:52:20/06/2026 ‌

كۆتای هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق زنجیرە گۆڕانكارییەكی لە چەند پۆستێكی گرنگ لە عێراق كرد، یەك لەو گۆڕانكارییانە لادانی قاسم ئەعرەجی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و دانانی كەسێكی تر بوو لە شوێنی، سەرچاوەیەك رای گەیاند كە ئەعرەجی كرایە راوێژكاری تەناهیی سەرۆك وەزیران.

بەپێی سەرچاوەكە قاسم ئەعرەجی كراوەتە راوێژكاری تەناهیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەموو زەیدی خۆی سەرپەرشتیی رادەستكردن و وەرگرتنی دەسەڵاتی لە راوێژكاریەتی ئاسایشی نەتەوەیی كرد، كاتێك قاسم ئەعرەجی دەستبەرداری پۆستەكەی بوو و قاسم حەسەن عەبوودی وەك راوێژكاری نوێی ئەنجوومەنەكە دەستبەكار بوو.

پێنجشەمی رابردوو چەند گۆڕانكارییەكی گرنگ لە چەند پۆستێك لە عێراق ئەنجام درا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كرد.

زەیدی، باسم بەدری سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەری خستە شوێنی عەبدولكەریم بەسری وەك سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بەدری سەركردەیەكی حزبی دەعوەی ئیسلامییە و لە 2013ەوە سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەرییە.

هەروەها قاسم عەبوودی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە شوێنی قاسم ئەعرەجی دیاری كرا، گۆڕانكارییەكان عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقیشی گرتەوە، كە نزار ناسر لە شوێنی ئەو دانرا، كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و نەهێشتنی پاڵپشتیكردنی تیرۆر بووە لە بانكی ناوەندیی عێراق.

بەپێی سەرچاوەكان سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەبو عەلی بەسری وەك سەرۆكی لیژنەی پشتیوانی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیاری كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتیكردنی لیژنە تایبەتەكان بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیە دارایی و ئیدارییەكان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل