ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل لە لبنان و پێشێلكردنی بڕگەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ ئەمەریكا بڕیاری دا بە داخستنی گەرووی هورمز و رێوشوێنی تریش دەگرێتە بەر، ئەمڕۆ هەریەك لە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل بڕیاری وەستانی هێرشەكانیان لە لبنان راگەیاند.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی دووپاتی كردەوە كە بە فەرمانی نەتنیاهۆ و كاتس، سوپای ئیسرائیل هێرشەكانی لە لبنان وەستاند، بەڵام بڕیارەكە كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاكی لبنان ناگرێتەوە، ئەو ناوچانەی لە ئاداری رابردوو داگیری كردوون، ئەو بڕیارە دوای كێشەتێكەوتنی دانوستانەكانی سویسرا هات، ئێران بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیلی بە پێشێلكردنی بڕگەیەكی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراوی لەگەڵ ئەمەریكا دانا و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردەوە.
شایەنی باسە لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوو ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لبنان چڕ كردەوە و دەیان هێرشی ئەنجام داوە و زیاتر لە 16 كەس كوژران، ئیسرائیل دەڵێت ئەو هێرشانەی لە وەڵامی مووشەكبارانی حزبوڵا بۆ سوپای ئیسرائیل دێت، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ لە لبنان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل 83 كەس كوژران و 141ی تریش بریندار بوون، تا ئێستە ژمارەی كوژراوانی لبنانی لە مانگی ئازاری رابردووەوە گەیشتووەتە 4057 كەس و زیاتر لە 12 هەزار بریندار.