لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق دەنگۆی سووتانی حەوت ملیار دینار و پێنج ملیۆن دۆلار لەناو تەنوورێكدا بڵاو دەبێتەوە، تا ئێستە لێدوانی فەرمی لەسەر ئەو پارە سووتاوە نییە. بەڵام پەرلەمانتارێك دەڵێت، "سەیروسەمەری ئەو وڵاتە زۆرە". رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیش دووپاتی دەكاتەوە هاوسەر و خوشكی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆمەتی سووتاندنی پارە گیراون.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەیەك بڵاوبووەتەوە كە تێیدا دەردەكەوێت تیمێكی حكوومی پارەی سووتاو لە ناو تەنوورێك دەردەهێنێت. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەها بڵاوكراوەتەوە كە گوایە ئەم پارەیە لە لایەن خوشك و هاوسەری عەدنان جومەیلی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق سووتێنراوە، كاتێك زانیویانە پۆلیس هەڵدەكەوێتە سەریان و دەیانگرێت.
جومەیلی مانگی رابردوو لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی گیرا و دەركەوت بە پارەی گەندەڵی خاوەنی سامانێكی زۆرە.
تا ئێستە دەسەڵاتدارانی عێراق روونكردنەوەیان لەسەر وێنەكە نەداوە، ئاخۆ دروست كراوە یان نا، بەڵام ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتاری عێراق كە بەوە ناسراوە، چەندان دۆسیەی گەندەڵی لایە، لە فەیسبووك دەڵێ،"سەیروسەمەرەكانی ئەو وڵاتە ئەوەیە هەر رۆژە و دۆسیەیەكی نوێ رای گشتی دەهەژێنێت، سووتانی حەوت ملیار لە تەنوور، نقوومبوونی حەوت ملیار لەناو بانك، كرتاندنی حەوت ملیار لەلای جوورجەوە، ساختەكردن و بەقاچاخبردنی حەوت ملیار بۆ دەرەوە، ونبوونی حەوت ملیار لە یەكێك لە بانكەكان، دزینی حەوت ملیار، دەڵێن دزی سەدە گەیشتووەتە ئەو ژمارەیە، هەڵكوتانە سەر كیڵگەیەك كە حەوت ملیاری تێدایە و... هتد".
ئەو پەرلەمانتارە لە كۆتایی پەیامەكەی دەڵێ، "تاكە شتێك كە ون نابێت و نقووم نابێت و ناسووتێت، باجی هاووڵاتیی سادەیە و دەبێت لەسەر سادەترین شت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت".
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ راپۆرتێكی لەسەر ئەو رووداوە بڵاوكردووەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەو وێنەیە نەكردووە، كە گومانێكی زۆر هەیە بە ژیری دەستكرد دروست كرا بێت.
رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت لە راپۆرتەکەدا باس لەو رووداوە دەكات و دەڵێ، دادگای عێراق بڕیاری گرتنی خوشك و هاوسەری عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەركردووە، بە تۆمەتی سووتاندنى چەندان ملیار دینار و پێنج ملیۆن دۆلار لەناو تەنوورێكی قووڕدا، لە كێڵگەیەكی پارێزگای سەلاحەدین، بەڵام تا ئێستە دیار نییە بە فەرمی ئەو پارەیەی سووتاوە زۆرە یان نا، یاخود چەندی بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ئاشكرای كرد، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار لە ماڵی عەدنان جومەیلی دۆزراوەتەوە سەرەڕای ئەمەیش چەندان موڵك و ماڵ و زێر و چەكی هەبووە.