رەنگە كە باسی دانوستانەكانی سوسرا دەكرێت، ئامانجەكە ئەوەیە كە شەڕ بە یەكجاری بوەستێت و گەرووی هورمز بكرێتەوە و رێخۆشی بۆ رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكرێت، كە تیایدا بابەتەكانی وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و چارەسەركردنی ئەو ئەمبارە یۆرانیۆمەی ئێران هەیەتی، هەموو ئەوانە بگرێتەوە، بەڵام ئێستە ئەوان لە سویسرا بۆچی كۆبوونەتەوە؟
ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاكستان متمانەی بەوە هەیە واشنتن و تاران بە رێككەوتنی كۆتایی دەگەن، رای گەیاند كە وڵاتەكەی توانوویەتی قەناعەت بە هەردوو وڵات بكات بۆ دانوستان و ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ، ئاماژەی كرد كە وڵاتەكەی سەركەوتوو بووە لەوەی بۆ یەكەمجار لەوەتەی 47 ساڵ هەردوو وڵات راستەوخۆ كۆ بكاتەوە، شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە كارەسات بوو و كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئابووریی ناوچەكە و دنیا هەبوو.
ئاشكرای كرد كە سێ تیمی تەكنیكیی لە دانوستانەكانی هەردوولا بەشدارن، ئەوان تاوتوێی سێ دۆسیەی سەرەكی دەكەن، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و بابەتی پارە بلۆككراوەكان و وەستانی شەڕ لە لبنان، پێویستە دۆخی گەرووی هورمز وەك پێشوو ئاسایی ببێتەوە و لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوو هیچ رسووماتێك لە هاتوچۆكردن بە گەرووەكە وەرناگیرێت و چینیش پاڵپشتی لەوە دەكات و ئێستە هاتوچۆ بە هەردوو ئاراستە لە گەرووەكە هەیە.
ئیسحاق دار دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای ئەوەی هەندێك دەیانەوێ رێككەوتنەكە تێك بدەن، بەڵام لە ناوەندگیری بەردەوام دەبین و هیوامان هەیە بە سەركەوتی هەوڵەكان، پێویستە هێرشە دەمارگیرییەكانی ئیسرائیل لە لبنان بوەستێت، ئەمەریكا داوای گواستنەوەی ئەمباری یۆرانیۆمی ئێرانی كردووە و لە بابەتی خاوكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمیش گەیشتوونەتە چارەسەری، تا ئێستە ئەمباری یۆرانیۆمی ئێران لەژێر پاشماوەی رووخاوە لە ژێر زەوی.