ترەمپ: سووریا ئەركەكە لە دژی حزبوڵا تەواو دەكات

:: PM:05:53:21/06/2026 ‌

لە دوای رووخانی كتوپڕ و خێرای رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە كۆتایی 2024، ئەمەریكا باوەشی بە تەواوەتی بۆ سووریا كردەوە و گەمارۆی لەسەر هەڵگرت و هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی بۆ دەربڕی، تەنانەت تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووجار چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا كەوتووە، ئەمڕۆ رای گەیاند كە تاوتوێی رادەستكردنی دۆسیەی حزبوڵای لبنان بە سووریا دەكات. 

ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی گەڕێكی تری دانوستانە راستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا بۆ گەیشتن بە وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند لێدوانێكی بۆ میدیای ئەمەریكی دا، رای گەیاند كە هەڵسوكەوتی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵا وەك پێویست نییە و تاوتوێی رادەستكردنی ئەرك و بەرپرسیارەتییەكە بە سووریا دەكەم، سووریا بە توانا و وردییەكی زیاتر ئەركەكە لە دژی حزبوڵا بەجێ دەگەیەنێت.

چوارشەمی رابردوو ترەمپ ئەوەی راگەیاند كە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا كارێكی باش ئەنجام دەدات، سووریا كارەكە بە باشی لە دژی حزبوڵا لە لبنان بەجێ دەگەیەنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕ و لەناوبردنی حزبەكە، چونكە تا ئێستە نە ئیسرائیل و نە سوپای لبنان توانیویانە چەكی ئەو حزبو داماڵن و هەڕەشە و هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل و هەژموونی بۆ سەر حكوومەت و شەقامی لبنانی كەم بكەنەوە، كە تا ئێستەش وەك ئەجیندایەكی سەركەوتووی ئێران لە ناوچەكە كار دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل