هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زنجیرە گۆڕانكارییەكی لە چەند پۆستێكی گرنگ لە عێراق ئەنجام دا، لەوانە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی گۆڕی، ئەمڕۆ یەكشەم نزار ناسر حوسێن لە شوێنی عەلی موحسین عەلاق وەك پارێزگاری نوێی بانكی ناوەندیی عێراق دەستبەكار بوو.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتەكانیان، عەلی زەیدی دووپاتی لە گرنگیی دەست پێكردنی بەرنامەی چاكسازی بانكی كرد، بەو شێوەی ببێتە مایەی سەقامگیریی دارایی و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوی ئابووری و وەبەرهێنان بۆ پتەوكردنی پەرەپێدان، دووپاتی لە پێویستی هاوەڵیكردنی گۆڕانكاری دیجیتاڵی كردەوە كە لە دنیا هەیە، هەروەها جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە جێبەجێكردنی سیاسەتە داراییەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا زەیدی ستایشی كارەكانی عەلاقی لە ماوەی بوونی لە بەرپرسیارەتییەكە وەك پارێزگاری بانكی ناوەندی كردەوە و داوای لێ كرد وەك راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری درێژە بە ئەركەكەی بدات و دووپاتی لە گرنگی تەواوكردنی بەرنامەی ستراتیجی كردەوە بۆ بەهێزكردنی توانای دامەزراوەیی و سەقامگیریی دارایی و بانكی لە عێراق.