شارەزایان: گۆڕانكارییەكانی زەیدی بەهۆی پێویستی و گوشاری ناوخۆیی و دەرەكی بوو

:: PM:07:12:21/06/2026 ‌

هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زنجیرە گۆڕانكارییەكی لە پۆستە دارایی و تەناهییەكان ئەنجام دا، كە هاوكات بوون لەگەڵ سەردانی نێردراوی ئەمەریكا بۆ بەغدا و ئامادەسازیی سەردانی زەیدی بۆ واشنتن و مشتومڕی هێزە سیاسییەكان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی، شارەزایان پێیان وایە ئەوەی زەیدی كردوویەتی و دەیكات بەهۆی پێویستی و گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكانە.

سەیف رەعد تاڵب شارەزای تەناهی دەڵێت، گۆڕانكارییەكانی دوایی لە پۆستە تەناهییەكان، بەهۆی دۆخەكە و گوشارە دەرەكییەكان و دابەشكاریی سیاسیی  ناوخۆییە، لە چوارچێوەی گۆڕانكاریی فرەوانترە پێوەست بە داماڵینی چەك، دەتوانرێت وەك خاڵێكی سەرەتا بۆ گۆڕانكاریی دوورمەودای تەناهی و رێوشوێنێك كە دۆخەكە و گوشارە نێودەوڵەتییەكان سەپاندوویانە سەیر بكرێت، لەپێشەوەیان گوشارەكانی ئەمەریكا. 

لە ماوەی رابردوو زەیدی، قاسم عەبوودی لە شوێنی قاسم ئەعرەجی وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دایاری كرد، نزار ناسری وەك پارێزگاری بانكی ناوەندی لە شوێنی عەلی عەلاق دیاری كرد، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولكەریم بەسری كردە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، عادل یاسری لە شوێنی حەیدەر مەكییە كردە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان. 

تاڵب پێی وایە لە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی ئەو گۆڕانكارییانە، بەهێزكردنی كۆنترۆڵی دەوڵەتە بەسەر دەزگە تەناهی و داراییەكان، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پشێویی چەكداری و باشكردنی هاوئاهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تەناهییەكان، لەپێشەوەی هی داعش و باشتركردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و كردنەوەی دەرگەی وەبەرهێنان و پاڵپشتیی ئابووری و سەربازی و نەهێشتنی دابڕانی عێراق لە ناوچەكە و دنیا.

ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا رۆڵێكی سەرەكی لە خێراكردنی ئەو گۆڕانكارییانە هەبوو لە رێگەی گوشارە ئابووری و سیاسییەكانی، وەك راگرتنی هاتنی دۆلار و هاریكاریی سەربازی بۆ عێراق و سەپاندنی سزا بەسەر سەركردەی چەند میلیشیایەك.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل