هەفتەی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق زنجیرەیەك گۆڕانكاری تەناهی و دارایی ئەنجام دا، شارەزایان پێیان وابوو كە پێویستیی ناوخۆیی و گوشارە نێودەوڵەتییەكان ئەو گۆڕانكارییانەیان سەپاند، بەتایبەتی لە سایەی گۆڕانكارییەكی گەورە لە ناوچەكە كە دەبێت عێراق خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت، بۆیە گۆڕانكارییەكە لە دوای سەردانی تۆم بارام و لە دوای كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەر لە سەردانی عەلی زەیدی بۆ واشنتن هات.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك، گۆڕانكارییەكانی زەیدی ئەگەری فرەوانبوونیان هەیە و زیاتر لە 50 بەرپرسی تر لە پۆستە جیاجیاكان بگرێتەوە، لەوانە سەرۆكایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی كە دیاترینیانە كە ئێستە لە تاوتاوێكردندایە، لەناو پێشبینی بە نزیكبوونەوەی دەرچوونی بڕیاری گۆڕانكاریی نوێ لەوبارەوە.
موجاشع تەمیمی شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە گۆڕانكارییە تەناهییەكانی دوایی لە وەڵامدانەوەی چەند هۆكارێكی تێكهەڵكێش نزیكترە، ئاماژە بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لە نێوان بەغدا و واشنتن لە دۆسیەی تەناهی دەكات، هاوكات لەگەڵ بوونی گوشاری ناوچەیی و دنیایی پێوەست بە سەقامگیریی ناوخۆیی و داماڵینی چەك و بەهێزكردنی دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق.
روونی كردەوە، ئەوەی روودەدات پێوەستە بە كۆمەڵێك ئاڵنگاریی و گۆڕانكاریی سیاسی و تەناهی لە عێراق و ناوچەكە، هەڵوێستی ئێستەی هەندێك هێزی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەكرێ لە سایەی گۆڕانكارییەكانی ژینگەی سیاسی و ناوچەكە لێكدانەوەیان بۆ بكرێت، زۆرێك لەو هێزانە گرنگیی زیاتر بە سەقامگیری سیستمی سیاسی و خۆپاراستن لە بەریەككەوتن لەگەلچ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن، جیا لە درككردنیان بە هەستیاریی ئابووری و تەناهییانەی قۆناغەكە كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.
هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، قاسم عەبوودی لە شوێنی قاسم ئەعرەجی وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دایاری كرد، نزار ناسری وەك پارێزگاری بانكی ناوەندی لە شوێنی عەلی عەلاق دیاری كرد، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولكەریم بەسری كردە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، عادل یاسری لە شوێنی حەیدەر مەكییە كردە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان.