ئەمڕۆ یەکشەم 21ی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە شاندی ئێرانی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی لە سویسرا ڕاگرتووە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئاراستەی تارانی کردبوون.
ئاژانسی "فارس" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستیەوە، هەڕەشەکەی ترەمپ دانوستانەکانی سویسرای ڕاگرت و بەردەوامبوونی خستووەتە دۆخێکی ناڕوونەوە.
لە لای خۆیەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی شاندی دانوستانکار، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" گوتی، ئایا خۆیان باوەڕیان وا نییە کە ئەگەر هەڕەشەکانیان سوودی هەبووایە، نەدەگەیشتنە ئەم دۆخەی بێدەسەڵاتییەی ئەمڕۆ تێیدان؟ ئێمە هیچ گرنگییەک بە هەڕەشەکانی ئەمەریکایییەکان نادەین.
قالیباف زیاتر گوتی، باشترە بۆ ئەوان ئاگاداری لێدوانەکانیان بن، چونکە هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بە شێوازێکی تر وەڵامیان بدەنەوە. ئەوان هەرچییەک بڵێن، ئێمەین کە لەسەر زەوی کار دەکەین.
لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی "تەسنیم" کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، دووپاتی کردەوە کە تیمی دانوستانکاری ئێران وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر هەڕەشەکانی ترەمپ، شوێنی دانوستانەکان جێدەهێڵن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی شاندی ئەمەریکی و ئێرانی لە سویسرا، هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئێرانی کرد، ئەوەش لە وەڵامی قسەکانی مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران کە دووپاتی کردبووەوە وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، و لایەنی بەرانبەر ناچارە ئەوە قبووڵ بکات.
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، دەبێت پزیشکیان پابەندی یاساکانی یارییەکە بێت، ئەگەرنا دەست بەسەر ئێراندا دەگرین"، هەروەها سەبارەت بە دەستبەردارنەبوونی ئێران لە پیتاندن، هۆشداریی دا کە "دەبێت (پزیشکیان) ئاگادار بێت.