شارەزایەك: سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق بە تەواوەتی توانای پاراستنی دامەزراوە گرنگەكانی نییە

:: PM:09:09:21/06/2026 ‌

لە میانەی شەڕی 40 رۆژەی ئەمەریكا و ئێران و ئیسرائیل و بەشداریكردنی میلیشیاكانی عێراق لە شەڕەكە لە رێگەی كردنەئامانجی دامەزراوە گرنگەكان، بێ ئەوەی دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكانی عێراق رۆڵێكی ئەوتۆیان هەبێت، نیشانەی پرسیاری لەسەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی عێراق دروست كرد، بەتایبەتی دوای بەڵێندانی بەغدا بە پاراستنی كێڵگە نەوتی و كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم.

جەواد دەهلەكی شارەزا لە كاروباری سەربازی دەڵێت، تا ئێستە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە عێراق توانایەكی دیاریكراوی هەیە و ناتوانێت بەرگرییەكی تۆكمە بۆ پاراستنی تەواوی دامەزراوە گرنگەكانی وڵاتەكە دابین بكات، لەوانە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، توانای ئێستەی عێراق لەو بوارەوە پشت بە سیستمەكانی چاودێری و بەرپەرچدانەوەی ناوەنمەودا و كورتمەودا دەبەستێت، لەگەڵ بوونی بۆشایی لە بوارەكانی زووئاشكراكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕشە و هێرشە ئاسمانییە نزمفڕینەكان، وەك درۆن و مووشەكە تەكنیكییەكان، كە لە ماوەی دوایی ئەو جۆرە هەڕەشە و هێرشانە زۆر بوون. 

دەهلەكی ئاماژەی كرد، پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان تەنیا پێوەست نییە بە لایەنی سەربازییەوە، بەڵكو پێویستی بە هاوئاهەنگییەكی ئاڵۆز لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، ئەگەرچی ئەو هاوئاهەنگییە هەیە، بەڵام بە تەواوەتیی یەكخراو نییە و ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر زوووەڵامدانەوە و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە كاتی هێرشەكان هەیە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، بۆیە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان پێویستی بە پەرەپێدانی ژێرخانی بەرگریی ئاسمانی هەیە، جیا لە بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی ئۆپراسیۆنەكان لە نێوان دامەزراوە سەربازییەكانی بەغدا و هەولێر، بۆ كەمكردنەوەی بۆشاییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەسازی بەرانبەر بە هەڕەشە و هێرشەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل