ئەمڕۆ یەکشەم 21ی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەنیاز نییە بچێتە ناو هیچ گرژییەکەوە لەگەڵ لبنان، ئامانجیشیان چارەسەرێکی ئارامە کە خزمەت بە هەردوو وڵات بکات، سەقامگیری بپارێزێت و دەرگەی هاریکاریی نوێ بکاتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێداندا.
ئەحمەد شەرع لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلمەشهەد" گوتی، من باوەڕم بە گفتوگۆ هەیە تەنانەت لەگەڵ لایەنە نەیارەکانیش، بەتایبەتی لە دۆخێکی وەک لبناندا. کێشەیەکی قووڵمان لەگەڵ حزبوڵا هەیە، بەڵام نامانەوێت تەواوی لبنان بمرێت، واتە دەمانەوێت کێشەی حزبەکە چارەسەر بکەین و لبنان بەزیندوویی بمێنێتەوە.
سەبارەت بە ڕازیبوونی بە دانیشتن لەگەڵ حزبوڵا، شەرع گوتی، ئەگەر ئەم کارە لە بەرژەوەندیی لبنان بێت و بەرژەوەندییەکانی سووریاش بپارێزێت، بۆچی نا؟.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی لبنان لەگەڵ ئیسرائیلیش، سەرۆکی سووریا ڕای گەیاند کە بارودۆخێکی بابەتیانە بۆ ئاشتی هەیە کە پێویستە بڕەخسێت بۆ ئەوەی ئاشتییەکی ڕاستەقینە ڕوو بدات. زیاتر گوتی، ئێمە پاڵپشتیی ئەوە دەکەین کە ناوچەکە هێمن و ئارام بێت و هیچ جۆرە شەڕێکی تێدا ڕوو نەدات.
پێشتر لەمڕۆ یەکشەمدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە لە ئاستی کارەکانی ئیسرائیل دژی حزبۆڵا "بێهیوا" بووە، و بیر لەوە دەکاتەوە بەرپرسیارێتییەکە ڕادەستی سووریا بکات، ئاماژەی بەوەش دا کە سووریا زۆر بەوردییەوە ئەرکەکەی دژی حزبۆڵا جێبەجێ دەکات.
هەروەها چوارشەمی ڕابردوو، ترەمپ ستایشی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریای کردبوو و ڕای گەیاندبوو کە کارێکی باش دەکات، و سووریاش "کارێکی باش" دژی حزبوڵا لە لبنان ئەنجام دەدات.