ئابووریناسان: ئەم دیاردەیە بە بڵقی نرخ دەناسرێت و هۆكارێكی راستەقینەی نییە
لە 24 سەعاتی رابردوودا بەهای دۆلار بە خێرایی لە بەرانبەر دینار بەرز بووەوە، لەبارەی هۆكارەكان بۆچوونی جیاواز هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا دووپات لەسەر خاڵێكی گرنگ دەكرێتەوە كە ئەویش ئەوەیە نرخی 100 دۆلار بە 180 هەزار دینار ناگات.
ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیران، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و تەواوی شارەكانی عێراق، بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرز بووەوە، لە هەندێك شوێن بەهای 100 دۆلار بە ژێر 160 هەزار دینار گەیشت.
ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەو بەرزبوونەوەی ئەمڕۆ لە ناكاو نەبوو، بەڵكو تەواوكەری ئەو جووڵەیە بوو كە دوێنێ لە بازاڕەكان دەستی پێ كرد، سەرەتا بۆ هەر 100 دۆلارێك 156 هەزار دینار یان كەمێك زیاتر تۆمار كرا. بۆیە میدیاكانی عێراق لە دوێنێوە هەوڵ دەدەن هۆكاری راستەقینە بدۆزنەوە، چەندان هۆكار باس دەكرێت:
یەكەم: حكوومەت بەنیازە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بگۆڕێت
هەندێك لە
ماڵپەڕەكان و پەرلەمانتاران باسیان لەوە كردووە، وەك شوباتی 2022 رەنگە حكوومەت جارێكی تر نرخی دۆلار بەرز بكاتەوە. ئەو كات حكوومەتی كازمی تووشی كێشە بوو لە دابینكردنی پارەی كاش بۆ مووچەی فەرمانبەران، بۆیە بڕیاری دا نرخی هەر دۆلارێك لە 120 دینارەوە بۆ 132 دینار بەرز بكاتەوە. هەرچەندە تا ئێستە هیچ پشتڕاستكردنەوەیەكی فەرمی نییە، بەڵام ئەمە یەكێك لە هۆكارەكانە كە باس دەكرێت.
دووەم: عێراق خراوەتە لیستی خۆڵەمێشی
رۆژی هەینی رابردوو گرووپی كاری دارایی كە بە كورتكراوەی
FATF دەناسرێت، عێراقی خستە لیستی خۆڵەمێشییەوە، بەو كارەیش سیستمی دارایی عێراق لە پرسی هاوردەكردن و هەناردەكردن و كاری بانكی دەكەوێتە ژێر گوشار و چاودێریی زیاتر. ئەو رێكخراوە كە بە كاریی دارایی نێودەوڵەتی دەناسرێت سزا بەسەر هیچ وڵاتێك ناسەپێنێ، بەڵام
هۆشداریی دەدات لەوەی ئەو وڵاتەی لە لیستی خۆڵەمیشییە، ئەوا دەبێت چاودێریی زیاتر بكرێت، چونكە گومانی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆری لێ دەكرێت. ئەمەیش راستەوخۆ كاری بازرگانی و مامەڵەی دارایی زەحمەت دەكات و دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخیش.
سێیەم: گۆڕانكاری لە بانكی ناوەندی
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەمی رابردوو، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، بۆیە مەترسی هەیە بە گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندی گۆڕانكاریش لە سیاسەتی نەختینەیی بكرێت.
چوارەم: هۆكاری سیاسیی ناوچەكە
یەكێك لە هۆكارەكانی تر كە چاودێرانی ئابووری باسی دەكەن، پێوەندیی بە وەستاندنی شەڕ و دانوستاندنەكانی ئەمەریكا و ئێرانەوە هەیە كە لەڕووی دەروونییەوە كاریگەری لەسەر ناسەقامگیری بازاڕ هەیە.
پێنجەم: یاریكردن بە بازاڕ
چاودێران دووپاتی دەكەنەوە، بەشێكی زۆر لەو بەرزبوونەوەیە پێوەندیی بە یاریكردنی ئەو كەسانەوە هەیە كە لە بازاڕی دۆلار مامەڵە دەكەن. زۆرجار ئەوان دەیانەوێ بازاڕ بشڵەژێنن بۆ ئەوەی دەستكەوتی كاتییان دەست بكەوێت. بۆیە بەشێك لە چاودێرانی دارایی باس لەوە دەكەن، وێڕای لەبەرچاوكردنی هۆكارەكانی سەرەوە، بەڵام دیاردەیەك لە بۆرسە و بازاڕی دراو و چەندان كەرتی ئابووری تر هەیە كە بە بڵقی نرخ " price bubble" دەناسرێت، ئەویش ئەوەیە كە نرخی دراو یان شتێك بەرز دەبێتەوە، بەڵام رەنگدانەوەی بەرزبوونەوە یان هۆكارێكی راستەقینە نییە.
بۆیە چاودێران دووپاتی دەكەنەوە بە هیچ شێوەیەك پێشبینی ناكەن نرخی 100 دۆلار بە 180 هەزار دینار بگات.