راپۆرتێك: رووخانی رژێمی ئێران ئامانجێكی سەرەكیی ئێستەی مۆسادە

:: PM:04:56:22/06/2026 ‌

تا ئێستە ئیسرائیل و ئەمەریكا دوو هەڵمەتی هاوبەشی سەربازییان لە دژی ئێران ئەنجام داوە، لە هاوینی ساڵی رابردوو و زستانی ئەمساڵ، بەڵام دەستیان بۆ رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتە نەبرد، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات كە سەرۆكی نوێی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی هەوڵی رێكخستنەوەی دەزگاكە دەدات و رووخاندنی رژێمی ئێرانیش لەئامانجە سەرەكییەكانی دەزگاكەیە.

رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاماژەی كرد كە رۆمان غۆفمان سەرۆكی نوێی دەزگای مۆساد هەوڵی رێكخستنەوەی دەزگاكە دەدات و رووخاندنی رژێمی ئێران لە ئامانجە سەرەكییەكانی دەزگاكە دەبێت، ئەو پێداچوونەوەیەكی فرەوان بە ئەركەكانی مۆساد و میكانیزمی كاركردنی دەكات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ دانانی ستراتیجیەتێك بۆ دەزگاكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لە داهاتوودا. 

هەر بەپێی رۆژنامەكە، غۆفمان ئەنجوومەنێكی لە پێنج راوێژكار پێك هێناوە كە ئەوان ئەفسەری پێشووی مۆساد نین و راسپاردەكان سەبارەت بە بوارە جیاجیاكانی كاركردن و ئەركی دەزگاكە ئامادە دەكەن، وەك ئامانج و ئەرك و شێوازی كاركردن و دابینكردنی كەرستە و پێویستییەكان و هیتریش.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئەو بابەتە بووەتە مایەی نیگەرانی سەرۆك بەش و بەرپرسە باڵاكانی دەزگاكە، چونكە ئەو كەسانە لە هەموو شوێنێك ئامادەن، لەوانە لە كۆبوونەوە ستراتیجییەكان، لەوكاتەی مۆساد چەند نەریتێكی توندی لە نهێنیی كاركردنی هەیە و بوار بە لایەنی دەرەكی نادرێت بێتە ناو كۆبوونەوەكانی.

جیا لەوانە غۆفمان كار بۆ دانانی كەسێك وەك سێبەر بۆ هەر سەرۆك بەشێك یان بەرپرسێكی باڵای مۆساد دەكات، بە هاوشێوەی ئەوەی لەناو سوپای ئیسرائیل هەیە، ئەو دەیەوێ پێداچوونەوە بە ئەركەكانی مۆساد بكات، كە شتێكی دووپاتكراوە هەیە و هۆفمان باش دركی پێ دەكات، ئەویش ئەوەیە سەركی سەرەكیی مۆساد ئێرانە، لەگەڵ سەرنجخستنە سەر رووخاندنی رژێمەكە و وەستانی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل