پزیشكیان سەردانی پاكستان دەكات

:: PM:05:10:22/06/2026 ‌

دوێنێ گەڕێكی تری دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا بەڕێوە چوو، كە پاكستان و قەتەر رۆڵی ناوەندگیرییان بینی و دانوستانەكان ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبن، بەپێی چەند سەرچاوەیەك بڕیارە سبەی سێشەم مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران سەردانی پاكستان بكات.

لای خۆیەوە حەبیب عەباسی بەڕێوەبەری گشتیی پێوەندییە گشتییەكان لە سەرۆكایەتیی ئێران رای گەیاند، بڕیارە سبەی پزیشكیان سەردانی پاكستان بكات، ئەو بۆ ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی دووپاتی كردەوە كە سەردانەكە یەك رۆژ دەخایەنێت و بە مەبەستی تاوتوێكردنی بابەتی فرەوانكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و دەربڕینی سوپاسگوزاریی تارانە بۆ رۆڵی ناوەندگیریی پاكستان لە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا.

دوێنێ هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكان لە سویسرا، ئاژانسی "تەسنیم" لە سەرۆكی ئێرانی گواستەوە، دەستبەرداری مافی خۆمان لە پیتاندنی یۆرانیۆم نابین و لایەنی بەرانبەریش ناچارە ئەو راستییە قبووڵ بكات، لای خۆیەوە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رای گەیاند كە دانوستانەكانی ئێران و ئەمەركیا لەو سویسرا دەستی پێ كردووە و هەردوو دۆسیەی ئاگربەست لە لبنان و پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە دۆسیە سەرەكییەكانی دانوستانەكانن.

هەر دوێنێ هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی دانوستانە راستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا بە ناوەندگیریی پاكستان و قەتەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە "فۆكس نیوز"ی راگەیاند، ئەگەر بە رێككەوتن نەگەین ئێران وێران دەكەم، ئەگەریش پێویست بكات، رەنگە دەست بەسەر گەرووی هورمزدا بگرین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل