سوپای پاسداران: موجتەبا خامنەیی رێگەی بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا داوە

:: PM:05:24:22/06/2026 ‌

دوێنێ گەڕێكی تری دانوستانە راستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا بەڕێوە چوو و بڕیارە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوو بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی كۆتایی بەردەوام بن، ئەو دانوستانە دوای هەوڵێكی زۆری پاكستان و قەتەر و پێداگرییەكی زۆری ئێران هات، سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژە دەكات كە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران رێگەی بەشداریكردنی لە دانوستانەكان داوە.

یەدوڵا جوانی یاریدەدەری كاروباری سیاسی لە سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی كرد كە دوای ئەوەی تاران مەرجەكانی خۆی بۆ واشنتن دیاری كرد، موجتەبا خامنەیی رێگەی بە بەشداریكردن لە دانوستانەكانی سویسرا دا، بۆیە دوایین پەیامی ئەو مانای ئەوە نەبوو كە دژی دانوستان بووە لەگەڵ ئەمەریكا، وەك "ئێران ئینتەرناشیۆنال"، بڵاوی كردەوە، جوانی ئاماژەی كردووە كە هەندێك دوایین پەیامی موجتەبا خامنەییان بەپێی خواستی خۆیان لێك داوەتەوە، بە بەڵگەیەكیان داناوە لەسەر رەتكردنەوەی دانوستانەكان. 

ئاماژەی كرد، بۆیە ئەو قسەی كە دەگوترێت هیچ دانوستانێك لەگەڵ ئەمەریكا نییە، راست نییە، چونكە خۆی دانوستان هەبووە.

ئەمڕۆ دووشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد كە ناوەندگیریی پاكستان و قەتەر پێشكەوتنی گەورەی بۆ كۆتاییهێنانی شەڕ لە لبنان بەدەست هێنا و گفتوگۆكانی نێوان واشنتن و تارانیش لە سویسرا پێشكەوتنی گەورەیان بەخۆوە بینی، ئەو لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، تاقیكردنەوەی راستەقینەی یەكەم ماوە كە ئەویش سەركەوتنی شانەی رێگرتنە لە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی و پێكدادانەكان لە لبنان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل