ئەمەریكا رێگە بە كڕین و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات

:: PM:05:52:22/06/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، ئێران گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی دەریاوانی داخست، ئەوەش وای كرد ئەمەریكا لە 13ی نیسان گەمارۆیەكی توند بخاتە سەر بەندەرەكانی ئێران و نەوتەكەی، دوای كۆبوونەوەكانی دوێنێی سویسرا، ئەمەریكا رێگەی بە كڕینی نەوت و بەرهەمە پترۆكیمیاییەكانی ئێران تا 21ی ئابی داهاتوو دا.

ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رێگەپێدانێكی گشتی لەبارەی ئێران دا، بوار بە بەرهەمهێنان و كڕینی نەوتەكەی و بەرهەمەكانی پترۆكیمیایی ئەو وڵاتە تا 21ی ئابی داهاتوو دەدات، واتە بەدرێژایی 60 رۆژی دانوستانەكان تا گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی، ئەوەش دوای واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی سەرۆكی هەردوو وڵات لە هەفتەی رابردوو، باسی كردنەوەی بێ مەرج و وەرگرتنی رسووماتی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران و لابردنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران دەكات.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، مامەڵە رێگەپێدراوەكان بەپێی رێگەپێدانەكە، هاوردەكردنی نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆكیمیاییەكان و بەرهەمە نەوتییەكان بۆ ئەمەریكا و مامەڵە بانكی و بیمەییەكان و گواستنەوەی پێوەست بەو بابەتە دەگرێتەوە، بەڵام رێگەپێدانەكە رێگە بە مامەڵەكان لەگەڵ هەریەك لە كۆریای باكور و كۆوبا و ئۆكراینا ناگرێتەوە، وەزارەتەكە رای گەیاند كە ئێران پابەندی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بووە.

لای خۆیەوە سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا گوتی، هاوكات لەگەڵ دانوستانە بەرهەمدارەكانی سویسرا، ئێران پابەندی ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و رێگەپێدان بە پشكنەرانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی بە چوونە ناو خاكەكەی بووە، بۆیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رێگەپێدانێكی كاتی بۆ 60 رۆژ دەركرد بوار بە بەرهەمهێنان و هەناردن و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل