له ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگری و سوپاسالاری ئیسرائیل دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌منی هاتووه، كه به‌رده‌وام ده‌بن له مانه‌وه له‌و ناوچانه‌ی كه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی ئیسرائیل و ژێرخانی گرووپه چه‌كداری حزبوڵا له‌و ناوچانه وێران ده‌كه‌ن و ناوچه‌یه‌كی ته‌ناهی له باشووری لبنان دروست ده‌كه‌ن.
هه‌ر سێ به‌رپرسه‌كه‌ی
ئیسرائیل به ڕوونی ئاماژه‌یان داوه، ئاسایش و سه‌لامه‌تی هاووڵاتییانی ئیسرائیل هێلی سووره و هێزه‌كانی ئیسرائیل سازش ناكه‌ن و له‌و شوێنانه ده‌مێننه‌وه.
هاوكات دوێنێ بنیامین نه‌تانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، كه هێزه‌كانی ئیسرائیل له باشووری لبنان ئازادی ته‌واویان پێ دراوه، كه جووڵه دژی هه‌ر هه‌ڕه‌شه و هێرشێك به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بكه‌ن.
زیاتر گوتی، سه‌ربازانی ئیسرائیل سه‌رپشك كراون له وه‌ستانه‌وه به ڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه و هێرشێك كه بیانه‌وێ ئه‌وان و دانیشتووانی باكوری ئیسرائیل به ئامانج بگرێت.
مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئیسرائیل له لبنان و وه‌ستانه‌وه به ڕووی هه‌ر هێرش و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له كاتێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا گوشاری زۆری له‌سه‌ر ئیسرائیل و ئێرانیش له‌سه‌ر حزبوڵای لبنانی دروست كردووه، تا جه‌نگ و ململانێكان له باشووری لبنان بوه‌ستێنن.