سوپای ئەمەریكا: هێزەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە و چاوكراوەن

:: PM:05:56:23/06/2026 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و ئێران یاداشتێكی 14 خاڵیان بۆ وەستانی شەڕ لە كەنداو كردنەوەی گەرووی هورمز واژوو كرد، لە ماوەی ئەم هەفتەیە شاندی باڵای دانوستانكاری هەردوو وڵات لە سویسرا گەڕێكی دانوستانی راستەوخۆیان ساز كرد و بە درێژایی ئەم هەفتەیە شاندە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات بۆ چارەسەركردنی چەند پرسێك لە كۆبوونەوەی بەردەوام دەبن، سوپای ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەوان چاوكراوە و ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێك.

لە 13ی نیسانی رابردووەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا "سێنتكۆم"، گەمارۆەیەكی توندی دەریایی خستە سەر بەندەرەكان و كەرتی نەوتی ئێران، كە هەینی رابردوو لە دوای جێبەجێكردنی یاداشتەكەی واژووی لەسەر كرا و گەرووی هورمز كرایەوە گەمارۆكە لادرا، ئەمڕۆ فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەك ئاماژەی كرد كە هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە و چاوكراوەن، دوو فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەركدان و فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبڵیو بۆش لە درەیای عەرەبە.

ئەوە لەوكاتەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات كە گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بێ لابردنی مینە چێنراوەكان ئەستەمە، بەپێی داتای هاتوچۆی دەریاوانیش، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 20 كەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوونە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل