ترەمپ هێرش دەكاتە سەر ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا

:: AM:08:50:24/06/2026 ‌
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەرانبەر دەنگدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لەسەر پڕۆژە بڕیاری وەستانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دژی ئێران، بە توندی هێرشی كردە سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و گوتی، بەشێك لە سیناتۆرەكان هۆكار بوون كە هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر ئێران لاواز بكەن.

ترەمپ لە پۆستێكی لە تروس سۆشیالدا نووسیویەتی، ئێران لە دۆخێكی شەرمەزاركەردایە و لە سەروبەندی كەوتنە و ئامادەیە هەر شتێك پێشكەش بكات، ڕێزێكی زۆر لە ئەمەریكا و سەرۆكەكەی دەگرێت، بۆیە دەنگدانی ئەنجوومەنی پیران لەسەر یاسای دەسەڵاتەكانی جەنگ لەو كاتەدا زۆر خراپ و بێ هۆكارە، تەنیا بەو بڕیارە پەیامێكە بە ئێرانی دەگەیەنن كە ئەوان پشتیوانی سیاسەتەكانی سەرۆك و حكوومەتی وڵاتەكەیان ناكەن، ئەمەیشی بە پێشكەشكردنی كۆمەك و پشتیوانی بە دوژمن ناوبرد.

دوێنێ سێشەم ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بە دەنگی 50 سیناتۆر بەرانبەر بە 48 دەنگ و بە جیاوازی دوو دەنگ، بڕیاری لەسەر پڕۆژە بڕیارێكی بۆ وەستاندن و كۆتاهێنانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمەریكا دژی ئێران پەسند كرد، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر لە ئەنجوومەنی نوێنەران "كۆنگرێس" ڕەزامەندیی لەسەر درابوو و ئاراستەی ئەنجوومەنی پیران كرابوو تا دەنگی لەسەر بدات.

هەرچەندە بڕیارەكە هیچ پابەندبوونێكی یاسایی ناسەپێنێت، بەڵام هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی كۆنگرێس دژی ترەمپ لەبارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك لە كاتی جەنگ و جۆرێك لە نیگەرانی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان لە ئەمەریكا دروست كردووە، ئەوەی جێی سەرنجە بەشێك لە سیناتۆرانی پارتی كۆمارییەكان، دەنگیان بۆ ئەو پڕۆژە بڕیارە دا، بەوهۆیەوە توانرا زۆرینەی دەنگەكانی سێناتی ئەمەریكا بەدەست بهێنێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د