ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوەكانەوە دووپاتی كردەوە، دانیشتنی ڕاستەوخۆی شاندی ئەمەریكا و ئێران بۆ گفتوگۆكردن كە لە سویسرا لە یەكشەمی ڕابردوو ئەنجام دران، لە كەشێكی ئاڵۆز دەستی پێ كردووە و دی ڤانس و قالیباف بە گرژییەوە قسەیان كردووە، بەڵام دواجار توانرا كەشی گفتوگۆكان ئاسایی بكرێتەوە و پێشڤەچوون لە گفتوگۆكان بهێنرێتە دی.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی ڕۆژنامەكە، هۆكاری كەشی ئاڵۆز و گرژی ناو هۆڵی كۆبوونەوەكە بۆ پۆستێكی ترەمپ لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گەڕایەوە، كاتێك هەڕەشەی لە ئێران كرد ئەگەر بەردەوام بێ لە پارەداركردنی حزبوڵا، ئەوا بە توندی هێرش دەكاتە سەر ئێران، لەسەر ئەو پۆستە محەمەد باقر قالیباف سەرزەنشتی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كردووە و ئەم پۆستەی ترەمپی بە هەڕەشە و پێشێلكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات كرد كە سەرۆكی هەردوو وڵات واژوویان لەسەر كردووە، دوای ئەو قسانەیشی دەستبەجێ هۆڵی كۆبوونەوەكانی جێهیشتووە و شاندی ئێرانیش دوای كەوتوون.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە بەرانبەر سەرزەنشت و گرژییەكان، جەی دی ڤانس وەڵامێكی ئەوتۆی نەداوەتەوە و تەنیا داوای كردووە گفتوگۆكان كەمێك بوەستێنرێن و پشوویەك وەربگیرێت.
سەرچاوەكان ئەوەیشیان خستە ڕوو كە دوای هەوڵەكانی قەتەر و پاكستان، دواجار شاندی ئێران بڕیاری دا هەڕەشەكانی ترەمپ پەراوێز بخات و بگەڕێتەوە بۆ ناو گفتوگۆ و دانوستانەكان.
لەبارەی ئەوەی ئێران كەسانی دەروونزان لە شاندەكەیان هەبووە، بۆ ئەوەی لە عەقڵییەتی ترەمپ تێبگەن، سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئێرانی لە سویسرا ئەو قسانەی بە تەواوی ڕەت كردەوە.
یەكێكی تر لە گرفتەكان دەرنەكردنی بەیاننامەی هاوبەشی ئەمەریكا و ئێران بوو لە دوای تەواوبوونی دانوستانەكان، لەبری ئەوە پاكستان و قەتەر ڕاگەیەنراویان بڵاو كردەوە، سەرچاوەكان دەڵێن، ئەمەریكا دەیویست لە ڕاگەیەنراوی كۆتایی بە ڕوونی باس لە ڕۆڵی ئاژانسی وزەی ناوكی نێودەوڵەتی بكرێت، بەڵام ئێران ئەوەی ڕەت دەكردەوە، بۆیە دواجار بێ ڕاگەیەنراوی هاوبەشی هەردوو وڵات كۆتایی هات و لەبری ئەوان پاكستان و قەتەر ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.