هەفتەی داهاتوو دانوستانی تەكنیكیی واشنتن و تاران دەست پێ دەكاتەوە

:: AM:10:48:24/06/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی پاكستان ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستانی تەكنیكی لە نێوان شاندی ئەمەریكا و ئێران بەڕێوە دەچێ، هەریەك لە ئیسلام ئاباد و قەتەریش لەسەر هێڵن بۆ ئاسانكاری و ئامادەكاریكردن بۆ دەستكردنەوە بە دانیشتنەكان.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی پاكستاندا هاتووە، گفتوگۆی تەكنیكی و هونەری بەردەوامی هەیە لە نێوان واشنتن و تاران، سەرەڕای ئەوەی شاندی هەردوولا ماوە ماوە پشوو وەردەگرن، بڕیارە هەفتەی داهاتوویش پسپۆر و شارەزایانی تەكنیكی لە شاندی هەردوو وڵات، جارێكی تر بە ناوەندگیری پاكستان و قەتەر دەست بە گفتوگۆ و دانیشتنەكان بكەنەوە.

لەلایەكی ترەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان ئاشكرای كرد، بەگوێرەی یاداشتی لێكگەیشتن پێویستە هێڵێكی پێوەندیكردنی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران دروست بكرێت، تا بە زوویی بەر لە لێكنەگەیشتنەكان و ناڕوونییەكان بگیرێت، پاكستان و قەتەر لەگەڵ تیمی دانوستانی هەردوو وڵات لەسەر هێڵن، بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی یاداشتی لێكگەیشتن.

ڕۆژی 18ی حوزەیران/یۆنی هەریەك لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی لەسەر یاداشتی گەیشتنە ڕێككەوتن واژوویان لە نێوان هەردوو وڵات كرد، سێ ڕۆژ دوای ئەوە لە 21 حوزەیران/یۆنیۆ لە سویسرا شاندی هەردوولا بە سەرۆكایەتیی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، بە بەشداریی شاندی پاكستان و قەتەر، دەستیان بە گفتوگۆكان كرد و دواتر تیمی تەكنیكی هەردوو وڵات بەردەوامیان بە دانوستانەكان دا و ڕۆژێك دوای ئەوە، لەسەر پێكهێنانی چوار لیژنە ڕێككەوتن و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو دەست بە گفتوگۆكان بكرێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د