بڕیارە سبەی خەڵكی سلێمانی و چالاكان دژی رەفتارەكانی عەبدولەتیف سەلەفی خۆپێشاندان ئەنجام بدەن و بچنە بەردەم زانكۆی سلێمانی، داوای دوورخستنەوە و سزادانی عەبدولەتیف سەلەفی بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، بەپێی بانگێشتنامەیەك كە چالاكانی سلێمانی بڵاویان كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بە ئامانجی پاراستنی بەها ئەخلاقییەكان و دڵنیابوون لە پاراستنی كچ و منداڵەكانمان، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەكەین بەشداری لە خۆپێشاندانێكی مەدەنییانەدا بكەن.
ئاماژە بەوەش كراوە، خۆپێشاندانەكە سبەی سەعات 10ـی بەیانی دەبێت و شوێنەكەش بەردەم زانكۆی كۆنی سلێمانی دیاری كراوە.
یاخی كوردی ئەو كەسەی بەڵگەكانی لەسەر عەبدولەتیف سەلەفی بڵاو كردەوە دەڵێت، خەڵكی بەشەرەفی سلێمانی، لە پێناو پاراستنی كچ و خوشكەكانتان ئامادە بن بۆ گەورەترین خۆپێشاندان دژی عەبدولەتیف.
هاوكات بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوێنێ ئەو كچەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی عەبدولەتیف سەلەفی دەنگی تۆمار كراوە، چووەتە بەردەم لیژنەكە و رای گەیاندووە، "بەڵێ ئەوە منم و ئەو بەڵگانە سەرجەمی ڕاستن".
دۆسیەی عەبدولەتیف سەلەفی ئێستە لەلایەن لیژنەیەكی وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوە تا بڕیار بدرێت و تەواوی كەیسەكە كۆتایی پێ بهێنرێت.