لە بەرانبەر خۆپێشاندانەكانی حەسەكە و قامیشلۆ كە تێیدا خەڵك داوای ئاو و كارەبایان كرد، هەسەدە رای گەیاند، دۆخی دارایی و خزمەتگوزاریی وڵاتەكە چاك نابێت.
ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) رای گەیاند، سووریا بەدەست قەیرانێكی قووڵی بژێوی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت. دووپاتیش دەكاتەوە كە بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی گشتگیر، دۆخی دارایی و خزمەتگوزاریی وڵاتەكە چاك نابێت.
ئەو راگەیەنراوەی هەسەدە دوای ئەوە هات، لە رۆژانی پێشوو دانیشتووانی حەسەكە و قامیشلۆ خۆپێشاندانیان كرد، تێیدا داوای پێداویستییە سەرەكییەكانیان كرد بەتایبەت ئاو و كارەبا.
هەسەدە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوەی ئێستە لە سووریا دەگوزەرێت، تەنیا تەنگژەیەكی ئابووریی كاتی نییە، بەڵكو دەرەنجامی ئەو سیاسەتە چەقبەستووەیە كە رێگریی لە هەر چارەسەرێك دەكات.
هۆشداریش دەدات كە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕمانی كۆمەڵایەتی، زیاتربوونی رێژەی هەژاری و كۆچی پێچەوانەی هاووڵاتییان بۆ دەرەوەی وڵات.
هەسەدە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاری و خۆپێشاندانەكانی خەڵك پێشان داوە كە داوای باشكردنی بژێوی ژیانیان دەكەن، هاوكات چەند خاڵێكی سەرەكی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە خستووەتەڕوو:
چارەسەری سیاسیی گشتگیر: تەنیا كلیلی سەرەكییە بۆ بەشداریكردنی تەواوی پێكهاتەكان لە بنیاتنانی پاشەڕۆژی سووریادا.
دووركەوتنەوە لە مەركەزییەت: پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت لەسەر بنەمایەكی نوێ و دوور لە عەقڵێەتی دەسەڵاتی تاكڕەو دابمەزرێنەوە.
رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی: بنبڕكردنی گەندەڵی كە هۆكاری سەرەكیی داڕمانی ئابووری و وەستانی گەشەپێدانە.
داڕشتنی پلانی بەپەلە: دەستبەجێ داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووریی دادپەروەرانە و روون بۆ پاڵپشتیكردنی چینە كەمدەرامەتەكان.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەیدا هەسەدە دووپاتی كردووەتەوە كە دواكەوتن لە دۆزینەوەی چارەسەر، وڵات و كۆمەڵگە پێكەوە بەرەو داڕمان دەبات، ئێستە سووریا پێویستی بە ئیرادەیەكی نیشتمانیی گشتی و پڕۆژەیەكی گشتگیر هەیە كە دادپەروەری بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە.