زانایان لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاو کراوەتەوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە وشکبوونی دەریای قەزوین، کە گەورەترین ڕووبەری ئاویی داخراوە لە جیهاندا، بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە مرۆییەکان.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "Earth's Future" بڵاو کراوەتەوە، هۆشداریی داوە لە لێکەوتەی مەترسیداری ژینگەیی و ئابووری ئەگەر دۆخی ئێستە بەردەوام بێت.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو دەریای قەزوین لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی بارانبارین لە حەوزی ڕووباری ڤۆڵگا کە سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکدانی دەریایەکەیە، بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆوە بینیوە. لە بەرانبەردا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بەهەڵمبوون، بەڵام ئەم دیاردەیە تەنیا نزیکەی سەدا 40ی ئەو ئاوە لەدەستچووە تۆمارکراوە ڕوون دەکاتەوە.
توێژەران ئاماژەیان بەوە داوە کە بەشە هەرە گەورەکەی بچووکبوونەوەکە پێوەندیی بە چالاکیی مرۆڤەوە هەیە، چونکە ڕووباری ڤۆڵگا لە ماوەی چەندان دەیەدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بەرفراوان بووەتەوە کە دروستکردنی بەنداو، کۆگاکانی ئاو، پڕۆژەکانی ئاودێری، بەکارهێنانی پیشەسازی و کەشتییەوانیی ڕووبارەکانی لەخۆ گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی تایبەتمەندییە هایدرۆلۆجییەکانی حەوزەکە بە شێوەیەکی ڕیشەیی.
توێژینەوەکە زیاتر ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێک لەو ئاوەی دەگەیشتە دەریای قەزوین، ئێستە لە بەشی سەرەوەی ڕووبارەکەدا ڕێگریی لێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش داوە کە کەناڵی "ڤۆڵگا-دۆن"، سەرەڕای گرنگییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکەی، بەشدارە لە لەناوبردن و کەمکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی دەریایەکە.
بەپێی داتاکانی توێژینەوەکە، ئاستی دەریای قەزوین لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە بڕی نزیکەی دوو مەتر دابەزیوە، واتە لە 26 مەتر لە خوار ئاستی ڕووی دەریاوە بۆ 28 مەتر، لە کاتێکدا ڕووبەرەکەی بە نزیکەی 24 هەزار کیلۆمەتر دووجا کەم بووەتەوە، کە دەکاتە سەدا 5.5ی کۆی ڕووبەرەکەی، ئەمەش لەگەڵ لەدەستدانی نزیکەی 630 کیلۆمەتر سێجا لە ئاو.
بەشی باکووری تەنکی دەریای قەزوین بە زەرەرمەندترین بەش هەژمار دەکرێت، سەرەڕای گرنگییە ژینگەیییە گەورەکەی وەک نیشتمانێکی سەرەکی بۆ ڕاوەماسی، زەوییە شێدارەکان، ڕێڕەوی کۆچی باڵندەکان و ناوچەی زاوزێی ماسیی حەفش (ستێرجین)، کە بەشە هەرە زۆرەکەی بەرهەمهێنانی خاویاری ڕەش لە جیهاندا دابین دەکات
.
توێژەران هۆشدارییان داوە کە سروشتی داخراوی دەریای قەزوین ڕێگری دەکات لەوەی بەخۆی قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە، لە کاتێکدا ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئەو پێنج وڵاتەی دەکەونە سەر دەریایەکە، ڕێگرن لە دروستکردنی سیستمێکی پابەندکەر بۆ چاودێریی ژینگەیی و ئاڵوگۆڕکردنی داتا، سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوانیاندا واژوو کراون، لە نێویاندا ڕێککەوتنی دۆخی یاساییی دەریای قەزوین کە لە ساڵی 2018 لە شاری ئاکتاو واژوو کرا.
زانایان ئاماژەیان بەوە داوە کە دەریای قەزوین هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە دەریای ئارال پێی گەیشت، کە داڕمانێکی ژینگەییی بەرفراوانی بەخۆوە بینی، بەڵام نیشانە ئاگادارکەرەوەکان زۆر ڕوونتر بوونەتەوە. بۆیە داوایان کردووە سیستمێکی شەفاف بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دروست بکرێت، کە وڵاتانی دەوروبەری دەریاکە ناچار بکات بڕی ئەو ئاوە ئاشکرا بکەن کە لە ڕووبارە خۆراکدەرەکانەوە بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و پیشەسازی ڕایدەکێشن.