ئەمڕۆ پێنجشەم محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران لەگەڵ ئەمەریكا رای گەیاند كە لێدوانەكانی ئەمەركیا لەبارەی رازیبوونی تاران بە كڕینی بەرووبوومی كشتووكاڵی ئەمەریكی بە پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە دەرەوە رەت دەكەنەوە.
قالیباف لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەمەریكا تەنیا فولی سۆیای دەستكاریكراوی بۆماوەیی هەناردە دەكات، جیا لە بەڵێن و قسەی بەتاڵ.
سێشەمی رابردوو عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران رای گەیاند كە رەنگە ئێران پارە بلۆككراوەكانی لە دوای ئازادبوونیان بۆ كڕینی بەرهەمی كشتووكاڵی ئەمەریكی بەكار بێنێت، هاوكات رەتی كردەوە كە لە رێككەوتنەكەی ئێران و ئەمەریكا باسی ئەوە كرابێت دەبێت ئێران پارە بلۆككراوەكانی بۆ كڕینی هەناردەی ئەمەریكی بەكار بێنێت، دووپاتی كردەوە كە ئەو پارە، كە وەك سەرەتا 12 ملیار دۆلارە، بۆ كڕینی پێویستییە سەرەكییەكان و دەرمان بەكار دێت، كێشە نییە ئەگەر ئەو بەرهەمانە ئەمەریكی بن.
دوێنێ سكوت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە بەشێكی زۆری پارە بلۆككراوەكانی ئێران كە دێتە ئازادكردن، بۆ كۆڕینی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی بەكار دێت، ئەوە لەوكاتی ئێران دووپاتی كردەوە كە خۆی بڕیار دەدات پارەكە لە چی خەرج بكات و هیچ شتێكی لەو جۆرە لە یاداشتە واژووكراوەكە لەگەڵ ئەمەریكا نەهاتووە.