تشرینییەكان بەشداری لە رێوڕەسمی عاشوورا ناكەن

:: PM:06:48:25/06/2026 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم كەژاوەی شەهیدانی تشرینی حوسێنی لە پارێزگای زیقاڕ رای گەیاند كە بەشداری لە رێوڕەسمی عاشوورای ئەمساڵ ناكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوێنێ لە لایەن پۆلیسی زیقاڕ رێگەیان لێ گیراوە وەك كەژاوەكانی تر بەشداری لە رێوڕەسمە شەوانییەكان لە گۆڕەپانی حبووبی لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە بكەن.  

بەپێی بەیاننامەیەكی ئیدارەی كەژاوەكە، وەك سووربوون لەسەر ئاسایشی شارەكەمان و سەلامەتیی خەڵكەكەی و دوورخستنەوەی هەر دووبەرەكییەك رەنگە بۆ زیانگەیاندن بۆ پیرۆزیی رێوڕەسمە حوسێنییەكان و ئامانجە باڵاكانی بەكار بهێنرێت، وەك رێزگرتنێكیش بۆ پیرۆزیی مانگی حوسێن و رێبازە بەرزەكەی، هەڵوەشاندنەوەی بەشداریكردنمان لە رێوڕەسمی كەژاوەی شەهیدانی تشرینی حوسێنی بۆ ئەمساڵ رادەگەیەنین.

زیاتر گەتی، ئەو بڕیارە ئاسان نەبوو و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی یەكێتیی كۆمەڵگە هات، دووپاتی لە پابەندی بە بەها جێگیرەكانی شەهیدانی تشرین كردەوە و بەرپرسیارەتی ئەو بڕیارەشی خستە ئەستۆی ئەوانەی رێگەیان بە بەرزكردنەوەی وێنەی شەهیدانی تشرین نەدا، كە سومبڵی قوربانیدانی رۆڵەكانی ئەو نیشتمانەن.

شایەنی باسە بەهۆی ئەوەی وێنەی شەهیدانی راپەڕینی تشرینیان بەرز كردبووەوە، شەوی رابردوو هێزە تەناهییەكان لە پارێزگای زیقاڕ رێگەیان بە كەژاوەی شەهیدانی تشرین نەدا بەشداری لە رێوڕەسمی عاشوورا بكەن كە لە گۆڕەپانی حبووبی لە ناوەڕاستی ناسرییە هاتە سازكردن، لەوكاتەی كەژاوەكە فەرمییە و لە دەستەی كەژاوە حوسێنییەكان لە زیقار تۆمار كراوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل