مارك رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی ئەوەی كرد كە دۆسیەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق خاڵێكی دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران دەبێت، ئەو پێی وابوو كە كۆتاهێنان بە ململانێكانی ناوچەكە نابێت تا ئەوكاتەی ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران مووشەك و درۆن لە عێراقەوە هەڵبدەن، بۆیە ئەو دۆسیەیە بەشێك دەبێت لە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران.
بەرپرسێكی عێراقی ئاماژە دەكات كە بەغدا دەیەوێ دۆسیەی میلیشیاكان وەك بابەتێكی ناوخۆیی عێراقی بمێنێتەوە، چونكە هەر دەستوەردانێكی ئەمەریكا لەو دۆسیەیە، رەنگە دۆسیەكە لەناو عێراق لە رووەكانی سیاسی و تەناهی ئاڵۆزتر بكات و ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت.
زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق كار لەسەر جێبەجێكردنی پلانێكی بە هەنگاو دەكات بۆ نەهێشتنی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، لەگەڵ رێگرتن لە میلیشیاكان بۆ خۆرێكخستنەوە لە چوارچێوەیەكی یاسایی، بەوەش مەبەستی پرۆسەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت بێ بەریەككەوتنی ناوخۆیی دێتە دی، جیا لە چەسپاندنی ئەو قەناعەتەی كە پاساوی كردە سەربازییەكان و بەرگریكاری بەچەك لەگەڵ كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نزیكبوونەوەی پاشەكشەی هێزەكانیان كۆتایی دێت.
لای خۆیەوە غالب دەعمی توێژەر دەڵێت، ئێستە دۆخی ناوچەكە لە چارەسەركردنی دۆسیەكانی میلیشیاكانی نزیك لە ئیسرائیل بۆ سەرنجخستنە سەر میلیشیاكانی عێراق و یەمەن دەچێت، ئەوەش لێكی دەداتەوە كە دۆسیەی میلیشیاكانی عێراق خراوەتە ناو دانوستانەكانی ئێستەی واشنتن و تاران.
روونی كردەوە، لە قۆناغی داهاتوو گوشارەكانی ئەمەریكا زیاتر سەرنج دەخەنە سەر كۆتاهێنان بە دۆسیەی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی سازانی ناوخۆیی پاڵپشت بۆ پرۆسەكە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەوەش پاساوی میلیشیاكان بۆ هێشتنەوەی چەكەكانیان ناهێڵێت، بۆیە ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوو پێشوەچوونێكی باش لە دۆسیەكەدا رووبدات.