توێژەرێك: زەیدی ئامادەی لووتكەیەكی ئەمەریكی و توركی و سووری و قەتەری دەبێت

:: PM:08:27:25/06/2026 ‌

لە دوای پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان لە 14ی ئایاری رابردوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەردانیكردنی واشنتن بانگهێشت كرا، توێژەرێكی سیاسی ئاماژە دەكات كە سەردانەكەی دەكەوێتە 17ی تەمووزی داهاتوو و ئامادە لووتكەیەكی ئەمەریكی و توركی و سووری و قەتەری دەبێت.

نزار حەیدەر توێژەری سیاسی كە لە واشنتن دادەنیشێت، لە پۆستێك لە لاپەڕی خۆی لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی، تۆم باراك نێردراوی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ عێراق، بانگهێشتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ سەردانیكردنی كۆشكی سپی لە 17ی تەمووزی داهاتوو كردووە، بۆ ئامادەبوونی لە لووتكەیەكی چوارقۆڵی لەگەڵ سەرۆك ترەمپ بە ئامادەبوونی سەركردەكانی توركیا و سووریا و قەتەر، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ سەرۆك ترەمپ بە تەنیا لە كۆشكی سپی پێشوازی لە زەیدی و شاندی هاوەڵی دەكات یان نا. 

پێشتر سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت، لەوانە پێكهێنانی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا ناوبانگە ئەمەریكییەكان و بەرزكردنەوەی تێكڕای هەناردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا تا ئاستی نیو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. 

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، زەیدی لەو سەردانەی چەند دۆسیەیەكی گرنگ دەبات كە چارەسەری تەنگژەكانی وڵات دەكەن، لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا تاوتوێیان دەكات، لەوانە هەناردەكردنی نیو ملیۆن بەرمی نەوتی رۆژانە بۆ ئەمەریكا، لە بەرانبەر هاتنی كۆمپانیا ئەمەریكییە گەورەكان و چارەسەركردنی كێشە سەختەكانی لە عێراق هەن لەوانە كەمیی كارەبا، جیا لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و هیتریش.

دووپاتی كردەوە، ئەو هاوبەشیەش بەپێی كات و بەهای دارایی دیار و رێككاری پابەند بۆ هەردوولا دەبێت، داهاتی ئەو نەوتەی دەدرێتە ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزاری و گەشتوگوزار خەرج دەكرێت، ئەو هاوبەشییە بە شێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسی و ئابووریی حكوومەت دەبێت، لە رێگەی پێشخستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل