لەوكاتەی هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ داماڵینی چەكی نایاسایی و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت لە لایەن حكوومەتی عەلی زەیدی بەردەوامە، ئەمڕۆ پێنجشەم لە كۆبوونەوەیەكی وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو لە مەنامە لە بەحرێن، پاڵپشتی لەو هەوڵانەی حكوومەتی عێراق كرا، هاوكات سەركۆنەی هێرشی میلیشیا عێراقییەكانیان بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنەكە كردەوە.
كۆبوونەوەكەی وەزیرانی دەرەوە لە مەنامە بە سەركردایەتییەكی هاوبەشی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و عەبدولەتیف بن راشد زەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرێن بەڕێوە چوو، كە سەرۆكی خولی ئێستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداوە، جاسم بدێوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو و وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداویش ئامادەی بوون.
بەپێی بەیاننامەیەك، رۆبیۆ پابەندی وڵاتەكەی بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو دووپات كردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنەكەش پابەندیی خۆیان بە هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا نوێ كردەوە، ئەوان پێشوازییان لە واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە 17ی ئەم مانگە كرد و بە پێویستیان زانی دانوستانەكان بەردەوام بن تا گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشیان لە رێگرتن لە ئێران بۆ بوون بە خاوەن چەكی ئەتۆمی بەهەر شێوەیەك.
وەزیرانی دەرەوەی كەنداو دووپاتیان لەوە كردەوە كە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە پێویست بە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و مووشەكە باڵیستی و درۆن و میلیشیاكانی دەكات، ئەوان سەركۆنەی هێرشی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیان لە عێراق بۆ سەر وڵاتانی كەنداو كرد، پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ داماڵینی چەك و رێگرتن لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی دەربڕی.