ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: بەڵگەمان هەیە کە هێرشەکان لە عێراقەوە کراون

:: PM:02:28:26/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، جاسم بەدێوی سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، دووپاتی کردەوە کە ئەنجوومەنەکەیان بەڵگەو وێنەی لەبەردەستدایە کە دەریدەخەن ئەو "هێرشانەی ئەم دواییە" کراونەتە سەر وڵاتانی کەنداو، سەرچاوەکەیان لە عێراقەوە بووە.

لە لایەکی ترەوە، بەدێوی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە وڵاتانی ئەنجوومەنەکە بەتەواوی ڕەتی دەکەنەوە هیچ باجێک بخرێتە سەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. هاوکات دووپاتی کردەوە کە "سەڵتەنەتی عومان بە هیچ شێوەیەک بەو جۆرە باجانە ڕازی نییە".

سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە وەرگرتنی 300 ملیار دۆلار دەکەن لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەمەریکا، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو گوتی، هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو بڕە 300 ملیار دۆلارە نییە کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران خراوەتە ڕوو.

زیاتر گوتی، ئەم بابەتە نە بەفەرمی و نە بە ناڕەسمی نەخراوەتە بەردەممان، و لەگەڵ واشنتنیشدا تاوتوێمان نەکردووە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم دواییەدا سەردانێکی بۆ وڵاتانی کەنداو ئەنجام داوە.

لە کۆتاییدا بەدێوی ڕوونی کردەوە، دەمەوێت باوەڕ بە بەڵێنەکەی ئێران بکەم کە نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە داوای چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەسەر دامەزراوەکانی ئێران و ڕوونیی تەواو لەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمەکەی دەکەین.


وشە - پۆڵا مەحموود