دوێنێ هەینی بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەریەك لە ئیسرائیل و لبنان واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا كرد، میدیاكانیش لە زاری سەرچاوەكان و ئەو زانیارییانەی دەستیان كەوتووە، خاڵەكانی ناو ڕێككەوتنی هەردوولایان بڵاو كردەوە.
خاڵەكانی ناو ڕێككەوتنەكە بریتین لە بەڵێندانی ئیسرائیل و لبنان بەوەی كە ئامانجی هاوبەشیان هێنانەدی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوامە لە نێوانیان، هەردوولا خواستی خۆیان بە فەرمی بۆ كۆتاهێنان بە ململانێكان ڕادەگەیەنن و پێوەندیی دراوسێیەتی باش بنیات دەنێن.
هەریەك لە ئیسرائیل و لبنان ناكۆكییەكانیان لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆی دووقۆڵی بە ناوەندگیری و پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چارەسەر دەكەن، هەروەها گرووپێكی هاوئاهەنگی سەربازی، لەلایەن حكوومەتی هەردوولاوە دروست دەكرێت و ئەمەریكایش بەشداریی تێدا دەكات، تا سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بكەن.
لە
ڕێككەوتنەكەدا ئەوەیش هاتووە، سوپای لبنان هێزی خاوەن سەروەری و كردارەكی لبنانە و دەسەڵاتی تەواوی خاكی لبنانی لە ژێردەستدا دەبێت، دوای ئەوەی داماڵینی چەك لە حزبوڵای لبنانی تەواو دەبێت و ژێرخانی ئەو گرووپە هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئینجا سوپای ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو لە خاكی لبنان دەكشێنەوە.
لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان ئیسرائیل و لبنان، سوپای لبنانی هەنگاو بە هەنگاو لە شوێنی هێزەكانی ئیسرائیل جێگیر دەكرێن، ئەو هەنگاوەیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەبێت.
دواخاڵیش ئەوەیە كە ئەمەریكا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، پشتیوانی و هاوكاری ڕاستەوخۆی حكوومەتی لبنان دەكەن، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات و ژێرخانی ئەو وڵاتە و بووژانەوەی ئابووری و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گەشەسەندن و پێشكەوتن، لە بەرانبەردا حكوومەتی لبنان نابێ هیچ بڕێك لەو پارەیەی بۆ ئاوەدانكردنەوە پێی دەبەخشرێت، بە گرووپە ناحكوومییە چەكدارەكان و گرووپەكانی دەرەوەی دەسەڵات بدات.