لە بانە هێرشی چەكداری كرایە سەر پۆلیس و پاسدار.. 10 قوربانی هەیە

:: AM:09:06:27/06/2026 ‌
لە نێوان رێگەی بانە_ سەقز هێرشێكی چەكداری كرایە سەر هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی زانیارییە مدیاییەكان پۆلیسێك و ئەندامێكی سوپای پاسداران  كوژران و حەوتی  تریش  بریندار بوون.

ئێران هێزێكی زۆری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوە پێكردووە، هاوكات هەر لە رۆژی یەكەمی شەڕەكەشی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا، ترسی لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بوو، دواتر كە شەڕیش راوەستا لەو ناوچە كوردییانە زۆرترین خەڵك بەگومانی دژی كۆماری ئیسلامی یان ئەندانی هێزە كوردییەكان گرتووە.

شەوی هەینی لە بازگەیەكی پشكنین لە شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، گرووپێكی چەكدار هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پۆلیس. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە فەرمییەكانی ئێران، جگە لە كوژرانی دوو پۆلیس و ئەندامێكی سوپای پاسداران،  حەوتی تریشیان لێ بریندار بووە.

میدیاكانی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن كە هێرشەكە لەلایەن "گرووپە كوردییەكانی دژی كۆماری ئیسلامیی ئەنجام دراون". بەڵام تا ئێستە هیچ یەك لەو هێزە كوردییانە  بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

دەزگا سەركوتكەرەكانی ئێران رایان گەیاندووە و دەڵێن، بەدوای هێرشبەرانەوەن  ەبەمزووانە دەیانگرن، دوای تەواوبوونی زانیارییەكان، وردەكاریی زیاتر و ئاماری كۆتایی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكرێتەوە."

سەرچاوە خۆجێیەكان دەڵێن، هێرشبەرەكان ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك بوون. لە ماوەی ڕابردوودا چەند تێكهەڵچوونێك لە نێوان پژاك و هێزەكانی ئێراندا ڕوویان داوە.




وشە - سۆران عەزیز