نەوەی نوێ تەمەنی لە بزووتنەوەی گۆڕان كەمتر بوو... تەنیا نۆ ساڵ

:: AM:10:10:27/06/2026 ‌
بەپێی شیكردنەوەی شیكەرەوەیەكی سیاسی، نەوەی نوێ كۆتایی خۆی راگەیاند و تەمەنی ئەو جووڵانەوەیە تەنیا نۆ ساڵ بوو.

نەوەی نوێ پارتێكی سیاسییە كە لە ساڵی 2017دا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دامەزراوە، رێك دوای پووكانەوەی گۆڕان و كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا لە دایك بوو.

نەوەی نوێ بۆ راكێشانی دەنگی خەڵك هەمان رێگە و رێبازی گۆڕانی گرتەبەر، ئەگەرچی جیاوازی لە نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیەدا هەبوو، چونكە گۆڕان بەشێك لە تێكۆشەرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەهۆی نەوشیروان مستەفاوە تێیدا بەشدار بوون و بەشێكیشیان پاڵپشتی بوون، بەڵام نەوەی نەوێ تەنیا كۆمەڵێك گەنجی بێ ئەزموون  بوون.

لە ھەڵبژاردنی 2018ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەوەی نوێ توانی چوار كورسی بەدەست بھێنێت. ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا توانی هەشت كورسی بەدەست بھێنێت. لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەھەر 15 بازنەكەی ھەرێم و كەركووك، 15 كاندیدی دیاری كرد و لەو ژمارەیە نۆ كەس توانیان دەنگی پێویست بەدەست بھێنن و كورسیی پەرلەمان مسۆگەر بكەن.

بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئامانجی شاسوار بۆ خەڵكانێكی بەئەزموون و بیركەرەوە دیار بوو، كە پڕۆژەیەك نییە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و رەخنەگرتن لە دەسەڵات تا ژیانی دیموكراسی باشتر بكرێت و كێشەكانی هاووڵاتییان كەمتر بكرێت، بەڵكو پڕۆژەیەك بوو بۆ خۆدەرخستن و خۆپێگەیاندن لە رووی مادییەوە.

شاسوار كە بەهۆی بەرپرسانی یەكێتییەوە لە سلێمانی پڕۆژەی بازرگانی گەورەی خرابووە بەردەست، دواتر بەو پارەیە و بەپێی زانیارییەكان، بەهاوكاریی هەندێك لە باڵەكانی ناو یەكێتی نەوەی نوێی دروست كرد.

لەمبارەیەوە سەربەست عەلی كە شارەزایەكی بزووتنەوە كوردییەكانی باشووری كورستانە، لە شیكردنەوەیەكیدا ئاماژەی بەوە داوە، تەمەنی ئەو بزووتنەوە نوێیانە زۆر كورتە، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك.

بەبۆچوونی سەربەست، ئەو هێزە نوێیانە كەسانی یەكەم و دووەمیان پێشتر لەناو یەكێتی بوون و بەپارەی یەكێتی دروست بوون و دەركەوتوون، بۆیە هەمیشە لەگەڵ پاشخانی یەكێتی یەكدەگرنەوە و ئەوەش وادەكات دواجار ئەو دەنگەی لە یەكێتی دەبەن، بەشێوەیەك بگەڕێتەوە بۆ ئەو حزبە، رەنگە بەرپرسانی بەئەزموونی پێشووی یەكێتیش ئەوەیان زانیبێت كە خەڵكە رەخنەگرەكەیان یان ناڕازییەكانی ناو یەكێتی چۆن سەرقاڵ بكەن، دواتر بیانهێننەوە بۆ ناو یەكێتی وەك ئەوەی لە ئەزموونی گۆڕان بینیمان، دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا، زۆربەیان چوونەوە ناو یەكێتی.

باسی لەوەش كرد تەمەنی نەوەی نوێ زۆر لە گۆڕان كورتر بوو، راستە جووڵانەوەیەكی توندتر بوو، بەڵام بەهۆی كێشەكانی شاسوارەوە كە پڕۆژەكانی تووشی قەیران هاتبوون، دەبوو زوو خۆی رادەست بكاتەوە، بۆیە هەموو تەمەنی جووڵانەوەكەی تەنیا نۆ ساڵ بوو.

بەبۆچوونی ئەو شارەزایە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئیتر بۆ هەمیشە كۆتایی دێت و وەك گۆڕان دەبنەوە هێزێكی چەند كەسی و ئەوەی دەمێنێتەوە و تەنیا ماڵباتی شاسوارە، دوای ئەوەی خەڵك و دەنگیان نەما، یەكێتیش بۆ هەمیشە دەستیان لێ دەشوات، بۆیە ناچار دەبێت شاسوار وەك كادرێكی یەكێتی بەردەوامی بەژیانی بازرگانیی خۆی بدات، بەڵام ژیانی سیاسی بۆ هەمیشە كۆتایی دێت.

"وشە" پرسیاری لەو شارەزایە كرد كە بە چی ئەوەندە دڵنیایت تەمەنی نەوەی نوێ كۆتایی هاتووە؟ گوتی، ئەوەی ئەوانی دروست كرد، ناڕەزایی بوو بەرانبەر پارتی و یەكێتی، ئەوان دەنگی ناڕەزایی خەڵكیان بردووە، ئێستە كە هەموو شت روونە، ئەوان بەتایبەت شاسوار و گرووپەكەی، شایانی ئەوە نەبوون بكرێنە سەرۆكی جووڵانەوەیەكی ناڕازیی گەنجانی كوردستان، ئیتر خەڵك جارێكی تر دەنگیان پێ ناداتەوە، رەنگە لە باشترین دۆخیاندا وەك گۆڕان بە كورسییەكەوە بمێننەوە، ئەوەش ئەو بەها سیاسییەی نابێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە نەوی نوێ و شاسواریش وەك سیاسی كۆتاییان دێت، دوای ئەوەش لە ماوەیەكی درێژتردا پڕۆژە بازرگانی و راگەیاندنەكانیشی كۆتایی دێت.




وشە - سۆران عەزیز