ئێران: بۆردمانی ئامانجەكانی نزیك لە ئەمەریكامان لە ناوچەكە كرد

:: AM:10:48:27/06/2026 ‌
بەرپرسان و دامەزراوەكانی ئێران دووپاتیان كردەوە، ئامانجەكانی پێوەست بە ئەمەریكایان لە ناوچەكە بۆردمان كرد، وەك وەڵامی بۆردمانەكانی شەوی ڕابردووی ئەمەریكا بۆ سەر كەناراوەكانی باشووری ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، تاران ئامانجی پێوەست بە هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بۆردمان كرد، ئەمەیش وەك وەڵامدانەوەیەكی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە شەوی ڕابردوو بۆ سەر كەناراوەكانی باشووری ئێران.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، هێرش و بۆردمانەكەی ئەمەریكا پێشێلكردنێكی ڕوونی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتە.

سەرەڕای باسكردن لە بۆردمانكردنی ئامانجەكانی نزیك لە ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەك ناو و زانیاری لەبارەی ئامانجەكان ئاشكرا نەكردووە.

دوێنێ هەینی ئێران بە درۆن، هێرشی كردە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە ئاوەكانی گەرووی هورمز، یەكێك لە درۆنەكانی ئێران بەر كەشتییەكی بازرگانی كەوت و زیانی پێگەیاند و ئەوانەی تر لە ئاسمان خرانە خوارەوە.

ئەمە ئەمەریكای بە تەواوی تووڕە كرد، بەوهۆیەوە درەنگانی شەوی رابردوو و بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا، چەند ئامانجێكی ئێرانیان لە ناوچەكانی دوورگەی سیریك و كەناراوەكانی ئێران لەسەر گەرووی هورمز و كەنداو بۆردمان كرد، ئەمەیش ناڕەزایی ئێرانی لێ كەوتەوە.

هاوكات جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، ئەوان وەڵامی توندوتیژی بە توندوتیژی دەدەنەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشە درۆنییەكەی دوێنێی ئێران و بۆردمانەكانی درەنگانی شەو و بەیانی ئەمڕۆ شەمووی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د