دادگای ئەمەریكا سزای گرتن و پێبژاردنی بەسەر جۆن بۆڵتن سەپاند

:: PM:01:21:27/06/2026 ‌
بە تۆمەتی دزەپێكردنی بەڵگەنامەی نهێنی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، داواكاری گشتیی ئەمەریكا 18 تۆمەتی ئاراستەی جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كرد، ددانی بە 12 تۆمەت نا و دادگایش بڕیاری دا پێنج ساڵ زیندانی بكرێت، یان بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار غەرامە بدات.

پێشتر كاتێك باس لەو تۆمەتانە دەكرا، جۆن بۆڵتن ڕەتی دەكردەوە و ئاماژەی بەوە دەدا، ئەمە دەستوەردانی حكوومەتی ئێستەی ترەمپە لە كاروباری دادوەری، بەهۆی ڕەخنەكانی لە حكوومەتی ئێستەی ترەمپ، بەڵام دواجار دۆسیەیە جووڵێنرا و لە بەردەم دادوەر بۆڵتن ددانی بە 12 تۆمەت لە كۆی 18 تۆمەت كە ئاراستەی كرابوو نا.

لە بەرانبەر ساغبوونەوەی ئەو تۆمەتانە، دادوەر تیۆدۆر دی چوانج سزای پێنج ساڵ زیندانی یان پێبژاردنی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار و دەسبەرداربوون لە مووچەی خانەنشینی و 100 سەعات كاركردن لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە،ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بۆ دركاندنی زانیاری لەبارەی ئەو بەڵگەنامە و زانیارییە نهێنییانەی كە دركاندوویەتی و لە ماڵەكەی خۆی پاراستوویەتی.

بەگوێرەی قسەی داواكاری گشتی و بەڵگەكانی دادگا، بۆڵتن لەو كاتەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بوو لە نیسان/ئەپریلی 2018 تا ئەیلوول/سێپتێمبەری 2019، بەڵگەنامە و نووسراوە هەستیارەكانی وێنە گرتووە و بۆ خێزان و كچەكەی لە ڕێگەی ئەپێكی چاتكردنی بازرگانی ڕەوانە كردووە، ئیمەیلی كەسی خۆیشی بەكار هێناوە و داتا و بەڵگەی بە قەبارەی هەزار لاپەڕە بردووە، كۆپییەكی بەڵگەكانی لە ماڵەكەی لە ویلایەتی ماریلاند بێ مۆڵەت وەرگرتن حەشار داوە.

دوای ئەوەی ئیمەیلی بۆڵتن هاك دەكرێ، ئەو لایەنی تەناهی لێ ئاگادار دەكاتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە نادات،كە بە ئیمەیلەكەی ئەو هەموو بەڵگە نهێنییەی ڕەوانە كردووە، پاش ئاشكرابوونی، دۆسیەی بۆ جووڵێنرا و درایە دادگا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د