بڕیارە سبەی یەكشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بكات، ئەو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆ دەبێتەوە، سەردانەكەی هاوكاتە لەگەڵ رێوڕەسمەكانی عاشورا و چەند رووداوێكی تری عێراقی، وەك سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن و رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی، كە بڕیارە بەر لە ناشتنی تەرمەكەی لە مەشهەد، بهێنرێتە نەجەف و كەربەلا لەسەر وەسیتنامەی خۆی.
ئەمە و چوارشەمی رابردوو چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئاماژەیان كرد كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە عێراقچی سەردانی بەغدا دەكات و تاوتوێی چەند پرسێكی سیاسی و تەناهی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەكات، ئەوەش لە سایەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە.
بەپێی سەرچاوەكان سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا لە چوارچێوەی راوێژكاریی بەردەوامی هەردوو وڵاتە لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە، بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش و هاوئاهەنگی لە نێوانیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و رێگرتن لە فرەوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەكان، لە سەردانەكەی باسی هاریگەریی ئابووری و بوارەكانی وزە و گواستنەوە دەكرێت.