دوای ئەوەی لە 17ی ئەم مانگە ئێران و ئەمەریكا یاداشتێكی 14 خاڵییان واژوو كرد و بۆ ماوەی دوو مانگ شەڕ وەستا و دەستیان بە دانوستان كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی كۆتایی، لە هەفتەی رابردووەوە دانوستانەكان لە سویسرا بەڕێوە چوون، بەپێی سەرچاوەیەك بڕیارە لە مانگی تەمووزی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستانەكانی هەردوو وڵات لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ بەڕێوە بچێت.
بەپێی سەرچاوەكان، بڕیارە لە دانوستانەكانی مانگی داهاتوو لە قەتەر، باسی دۆسیەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لەدەرەوە بكرێت، كە لەگەڵ شەڕ لە لبنان دوو بابەتی سەرەكیی دانوستانەكانن، دوای ئەوە پاكستان مێوانداریی دانوستانەكان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەكات، هەر بەپێی سەرچاوەكە، لە 2ی تەمووز شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان سەردانی تاران دەكات.
لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوو بۆ یەكەمجار لە دوای واژووكردنی یاداشتەكەی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا لە هەفتەی رابردوو، پەرەسەندن رووی دا، واشنتن تارانی بە هێرشكردنە سەر كەشتییەكی بازرگانیی ئەمەریكی لە گەرووی هورمز تۆمەتبار كرد و چەند ئامانجێكی ئێرانی بۆردمان كرد، لە وەڵامدا تاران هێرشی كردە سەر چەند ئامانجێكی ئەمەریكی، وەك میدیاكانی ئێران باسیان كرد.