ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، کوژرانی وەلیید هەنیە، برازای ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیان ڕاگەیاند، ئەوەش لە بۆردمانێکی ئاسمانیدا لە ڕۆژئاوای شاری غەزە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەنیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە دزەکردنی گرووپێک بۆ ناو خاکی ئیسرائیل لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023، و خۆی بەشداریی لە چوونە ناوەوە بۆ ئیسرائیل کردووە، هەروەها تێوەگلاوە لە ئاراستەکردن و دەرکردنی ڕێنوێنی بۆ ئەو گرووپە لە کاتی ڕفاندنی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیل و گواستنەوەیان بۆ کەرتی غەزە.
بەپێی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ڕابردوودا هەنیە کاری کردووە بۆ وەرگرتنی چەکداری نوێ لە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەدا، و سەرپەرشتیی مەشقە تیۆرییەکانی ئەو هێزە تایبەتەی کردووە کە خۆی سەرکردایەتیی دەکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویان کردەوە کە وەلیید مەجدی هەنیە، برازای ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی پێشووی حەماس، بەهۆی سەختیی ئەو برینەی کە ڕۆژی پێنجشەم بەری کەوتبوو، گیانی لەدەست داوە. ڕووداوەکە لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی بووە لە دەوروبەری کۆمەڵگەی ئیتاڵی لە گەڕەکی نەسر لە ڕۆژئاوای شاری غەزە.
ڕاگەیاندنی کوژرانی وەلیید هەنیە دوای چەند ڕۆژێک دێت لەوەی سوپای ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کەرتی غەزە ئاشکرا کرد.