بەغدا.. هێزەكان هەشت بەرپرسیان گرت و هەڵیانكوتایە سەر كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست

:: AM:10:04:28/06/2026 ‌
ئەو هێزە زۆرەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەی پێكراوە، تا ئێستە هەشت كەسایەتییان گرتووە كە لە ناویاندا پەرلەمانتاریش بوونیان هەیە، هاوكات هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگای سەرەكیی كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست بۆ گرتنی بەرپرسانی كۆمپانیاكە كە فەرمانی گرتنیان لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەركراوە.

سەرچاوەیەكی تەناهی بە پێگەی "سۆمەریە نیوز"ی ڕاگەیاند، تیمێكی هێزە تایبەتەكان بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم لە شوێنی جیاجیای ناوچەی سەوز، هەشت كەسیان گرتووە كە لە ناویاندا پەرلەمانتاری عێراقیش بوونی هەیە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تر دووپاتی كردەوە، هێزەكان لە تەك هەڵمەتی گرتنی ئەو بەرپرس و كەسایەتییانە، هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگای كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست لە بەغدا، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی كۆمپانیاكە لە گەندەڵی تێوەگلاون، دەیانەوێ سەرجەمی ئەوانەی ناویان لە دۆسیەكانی گەندەڵی هاتووە بگیرێن.

ئەو هەڵمەتە چڕ و فراوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا ئەنجام دەدرێ، سەرجەمی ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ناویان لە دۆسیە زەبەلاحەكانی گەندەڵی هاتووە و بە بڕیاری دادوەر فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە، بەڵام بەهۆی هەژموون و پێگەیان تا ئێستە نەتوانراوە بگیرێن و بخرێنە گرتووخانەوە، كەچی حكوومەتی ئێستە سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران و تا ئێستەیش چەندان بەرپرس گیراون و خراونەتە ژێر لێكۆڵینەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د