سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار دووپاتی كردەوە، دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی تریش كە دوێنێ گیران، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە دۆسیەی پارەداركردنی گرووپە چەكدارەكانی ئێران لە عێراق، دزەپێكردنی نەوتی ئێران بۆ عێراق و فرۆشتنەوەی بە ناوی نەوتی عێراقی و ناردنی دۆلارە بۆ ئێران.
پێگەی
مۆنت كارلۆ لە زاری بەرپرسێكی تەناهی عێراقدا بڵاوی كردووەتەوە، هەڵمەتی هەڵكوتانەسەر بەرپرسان و گرتنیان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، پێوەستە بە دۆسیەی پارەداركردنی میلیشیا چەكدارەكانی ئێران لە عێراق، دزەپێكردنی نەوتی ئێران و فرۆشتنی و بردنی بڕی زۆری دۆلار بۆ ئێران لەلایەن ئەو تۆڕە فراوانەوە هەیە.
پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە میانەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری"، عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقی خستە لیستی سزاداراوانەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بە فەرمی ئەو زانیارییەی بڵاو كردەوە.
ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە جومەیلی و ئەو كەسانەی لەگەڵیدا تێوەگلاون، بەرپرس بوون لە پارەداركردنی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، هاوكات نەوتی ئێران بۆ عێراق دزە پێكردووە و بە ناوی نەوتی عێراقی فرۆشتوویانەتەوە، لە كاتێكدا ئەمەریكا سزا و گەمارۆی توندی سەپاندبووە سەر هەناردەكردنی نەوتی ئێران، جیا لەوەیش گەمارۆ و سزاكان وایكردبوو كە تاران زۆر بە دەگمەن دۆلار و دراوی قورسی بیانی دەست بكەوێت، بەڵام ئەو تۆڕە گەندەڵكارە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی ئەو كردەوانە، جیا لەوەی كە گەندەڵیی گەورەیان كردووە و سامانی گشتیان خواردووە.
شەوی شەموو لەسەر یەكشەم كە دەكاتە دوێنێ، دژەتیرۆری عێراق و سوپا ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆ دا، لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و واست و چەندان شوێنی تریش، ئۆپراسیۆنێكی فراوانی گرتنی گەندەڵكاران و تێوەگلاوانیان لە دۆسیەكەی عەدنان جومەیلی ئەنجام دا، بەگوێرەی دوا زانیارییەكان لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا، 67 بەرپرس و پەرلەمانتار و كارمەندی حكوومەت گیراون و هەڵمەتی هەڵكوتانەسەر و گرتنەكانیش بەردەوامیی دەبێت، چونكە 200 كەس لەو دۆسیەیە تۆمەتبارن و داواكراون.