ویتكۆف و كۆشنەر ئامادەی كۆبوونەوەكەی سبەی دۆحە دەبن

:: PM:05:53:29/06/2026 ‌

بڕیارە سبەی سێشەم لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ ئێران و ئەمەریكا كۆ ببنەوە و ئەوجارە دانوستانەكانیان لەسەر هەردوو بابەتی پەرەسندنەكانی دوایی و گەرووی هورمز بێت، كۆشكی سپی رای گەیاند كە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر نێردراوانی سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەی كۆبووەكان دەبن.

كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە كارۆلین لیڤیت گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی گواستەوە، دانوستانە تەكنیكییەكانی ئێران و ئەمەریكا لە دۆحە لە پەراوێزی دانوستانێكی تری ئاست باڵای هەردوو وڵات دێتە سازكردن، دووپاتی كردەوە كە هەر توندوتیژییەك لە لایەن ئێرانەوە بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام ئەمەریكا پابەندە بە بەڵێنەكانی پێوەست بە وەستانی شەڕ لەگەڵ تاران.

ئاماژەی كرد، وەڵامی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان دەدەینەوە، بۆیە وا باشترە ئێرانییەكان رێككەوتنێكی باش لەگەڵ ئەمەریكا واژوو بكەن و دووپاتی كردەوە كە سەرۆك ترەمپ مافی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئێران هەیە ئەگەر پێویست بكات.

ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، ئێران داوای كۆبوونەوەی كردووە و بڕیارە كۆبوونەوەكە سێشەمی داهاتوو لە دۆحە لە قەتەر بەڕێوە بچێت، پێشتریش ترەمپ دووپاتی كردبووەوە كە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

هاوكات ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە بڕیارە تیمە تەكنیكییەكانی ئێرانی و ئەمەریكی لە رۆژانی داهاتوو لە دۆحە كۆ ببنەوە، كە بۆ تاوتوێكردنی وەردەكارییەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو لە 17ی ئەم مانگە راسپێردراون، ئەوجارە دانوستانەكان باسی گەرووی هورمز و نەهێشتنی پەرەسەندنەكانی دوایی دەكەن، بەتایبەتی كە ئێران سوورە لەسەر وەرگرتنی رسوومات لە كەشتییە بازرگانی و نەتبەرەكان لە گەرووی هورمز و ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە و دنیاش رەتی دەكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل