فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمەشقە و چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا و ئەسعەد شەیبانی هاوتا سوورییەكەی كەوت، بە ئامادەبوونی محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سووریا باسی پێوەندییەكانی هەردوو وڵاتیان لەبارەی وزە و نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی عێراق بانیاس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست كرد.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوە، حوسێن و شەیبانی و بەشیر تاوتوێی پەرەسەندنی پێوەندییەكان و هاریكاریی نێوانیان لە بوارە جیاجیاكان كرد، لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە پسپۆڕیەكانی وزە و كشتوكاڵ و ئاو و گواستنەوە و دەروازە سنوورییەكان كرد بۆ پەرەپێدانی هاوكاری هەردوو وڵات.
لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوئاهەنگی بە سەرۆكایەتیی هەردوو وەزیری دەرەوە كرا، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتی میكانیزمی گواستنەوەی نەوت و پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی عێراق بۆ سووریا، هەروەها هاریكاری لە بواری ئاو و كشتوكاڵ و ئاسایشی خۆراك و كەرتی ئابووری بە گشتی، ئەوە جگە لە بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی تەناهی بۆ سەقامگیربوونی ئاسایشی هەردوو وڵات.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا كۆبووەوە، باسی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و هاریكاری و هاوئاهەنگییان لە بوارە جیاجیاكان كرد، جیا لە تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و گرنگیی راوێژكاریی هەردوولا بەرانبەر بە ئاڵنگارییە هاوبەشەكان.